دۆناڵد ترامپ لەبەر هۆكارێكی سەیر داوای كوشتنی كوڕێكی ئوسامە بن لادنی كردوە

17/02/2020 جیهان

نەوا
سەرچاوەیەك لە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریكا CIA ئاشكرایكردوە، لە دوو ساڵی سەرەتای سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپدا لیستی ناوی مەترسیدارترین تیرۆریستەكانیان لە جیهاندا ئامادەكردوە و كاتێك چوەتە بەردەم سەرۆك تەنها ناوی حەمزە بن لادنی زانیوە و داوای كردوە بیكوژن.
تۆڕەكە بڵاویكردوەتەوە، لەمانگی سێپتەمبەری ساڵی رابردو دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا كوشتنی حەمزە بن لادنی لە سنورەكانی نێوان پاكستان و ئەفغانستان راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، كوشتنی ناوبراو چەكدارانی قاعیدە لەو پەیوەندیە رۆحیە بێبەش دەكات، كە لەگەڵ ئوسامە بن لادن هەیانبو.
رونیشكراوەتەوە، لەماوەی دوو ساڵی سەرەتای سەرۆكایەتی ترامپ، CIA لیستێكی بەناوی مەترسیدارترین كەسایەتیە تیرۆریستییەكانی جیهان ئامادەكردبو، كاتێك لیستەكەیان پێشكەشی ترامپ كرد یەكسەر داوای كوشتنی حەمزە بن لادنی كرد، چونكە تەنها ئەو ناوەی لەبەربو، هەروەك دەیزانی كێیە، هەرچەندە شارەزایان باسی كەسایەتی و ناوەكانی لیستەكەیان بۆ دەكرد، بەڵام ترامپ گوێی لە هیچ نەدەگرت.
بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، ناوی ئەبوبەكر بەغدادی لە لیستەكەدا هەبوە، هەروەها حەمزە بن لادن مەترسییەكی ئەوتۆی دروست نەكردوە، چونكە هیچ دەسەڵاتێكی نەبوە و مەترسییەكەشی لە ناوەكانی دیكە كەمتر بوە، هەرگیز پیلانیشی بۆ هیچ هێرشێك دانەنابوو، بەڵام ترامپ بەردەوام دەیوت "هەرگیز گوێم لەم ناوانە نەبوە، ئەی چی دەربارەی حەمزە بن لادن؟" و داوای دەكرد بیكوژن.
لەلایەكی دیكەوە وتەبێژێكی پێنتاگۆن بە كەناڵەكەی وتوە، تاكە ناو كە ترامپ دەیزانی "حەمزە بن لادن" بو، بۆیە داوای دەكرد بكوژرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group