پەرلەمانتارێك: كابینەی نۆیەم نزیكەی 26 ملیار دۆلار قەرزی پێشوی هەیە‌

21/02/2020

نەوا
ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نزیكەی 26 ملیار دۆلاری كابینەكانی پێشو قەرزارە.
پێشەوا هەورامانی، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "كابینەی نۆیەم نزیكەی 26 ملیار دۆلار قەرزی پێشوی هەیە‌، كە بەهۆی بڕینی بوجەی هەرێم و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستانی داعش توشی هەرێم بوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە نزیكەی 750 ملیۆن دۆلارە، تا مانگێكیش پێش دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەم، مانگانە 350  ملیون دۆلار لە داهاتی نەوت ڕادەستی حكومەت كراوە و 400 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت و دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی بوە.
لەبارەی خەرجیەكانی حكومەتی هەرێمیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەكردوە، "حكومەت مانگانە تەنیا بۆ موچە پێویستی بە 757 ملیۆن دۆلارە، لە بەغدا 452 ملیار دینار رەوانە دەكرێت، كە دەكاتە 383 ملیۆن دۆلار، كە لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێمیش دەكاتە 678 ملیۆن دۆلار كە بەشی موچە ناكات، ناچار حكومەت نزیكەی 100 ملیاری داهاتی ناوخۆ بۆ موچە تەرخاندەكات.
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەشدەكات، "‎زۆر كەس بەمەبەست وا بانگەشە دەكەن كە دۆخی دارایی حكومەت باش بوە، بۆیە دەبێت خەڵك دامەزرێنێت و پرۆژەی زیاتر بكات و دەرماڵە زیاد بكات و زۆر پێشنیاری دیكەك ئەگەر گۆڕانكاری هەبێت لە دۆخی دارایی هەرێم كەس لە حكومەت باشتر لە دۆخی خەڵك تێناگات".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group