هاتوچۆی گەشتیاری لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ڕاگیرا

21/02/2020

نەوا
بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناو بڵاوبونەوەی لە بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ، بەبڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، هاتوچۆی گەشتیاری لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە ڕاگیرا.
راگەیاندنی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەرویزخان رایگەیاندوە:"دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانیەوە بنكەی نشینگەی پەروێزخان ئاگادار كرایەوە، هاتوچۆی گەشتیاران لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەشەوە ڕابگیرێت.
رونیشكراوەتەوە:" ئەو هاوڵاتییە عێراقیانەی كە لە وڵاتی ئێرانن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، پاش پشكنینیان لەلایەن بنكەی تەندروستی پەروێزخانەوە بەنوسراوی فەرمیی پزیشكیی بنكەی نشینگەی پەروێزخان لەجێگیریی دۆخی تەندروستییان ئاگادار دەكرێتەوەو ئەوكات ڕێگەی ئەوەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.
ئاماژە بەوەشدراوە:"جگە لە گەشتكردن، ئەو هاوڵاتیانەش كە دەیانەوێت بۆ چارەسەری پزیشكی و خوێندن و هەر كارێكی دیكە ڕوو لە وڵاتی ئێران بكەن، بەهیچ شێوەیەك ڕێگەیان پێنادرێت و هەموو جۆرە هاتن و چونێك ڕاگیراوە.
 ئەوەش خراوەتەڕوو:"سەبارەت بە بەردەوامی یان ڕاگرتنی ئاڵ و گۆڕی بازرگانی، پێویستی بەبڕیاری حكومەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستانە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group