وەزیری كارەبا دەسەڵاتی خەرجكردنی بەشێك لە داهات بە پارێزگا و قەزاكان داوە

21/02/2020

نەوا
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە بڕیاری وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵات‌ بە هەموو پارێزگا و قەزاكان دراوە كە لە ‌داهاتی كارەبا 8%ی بۆ شارەكانی خۆیان خەرج بكەن.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی رایگەیاندوە: "هەموو وەزارەتێك داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، بەڵام وەزیری كارەبا ژمارە حیسابێكی كردووەتەوە، كە هەموو بەڕێوبەرە گشتییەكانی پەیوەندیدار، كە پارەی كارەبا كۆدەكەنەوە،‌ دەسەڵاتی پێ داون كە لە هەموو پارێزگا و قەزاكان دەتوانن بە 8%ی‌ ئەو پارەیە پڕۆژەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن."
ئومێد ئەحمەد وتیشی: "ئەو بڕیارە دراوە بۆ ئەوەی هەموو پارێزگا و قەزاكان سوود لە ‌داهاتی كارەبا وەربگرن و هەر كەموكووڕییەكیشیان هەبێت لە ڕێگەی ئەو پارەیەوە چارەسەری بكەن و دەسەڵاتیش لە مەركەزیەوە بكرێتە لامەركەزی و بدرێتە پارێزگا و قەزاكان."
باسی لەوەشكرد: "لەمڕۆوە هەموو پارێزگا و قەزاكان دەتوانن ئەو بڕیارەی وەزیری كارەبا جێبەجێ بكەن و 8%ی ‌داهاتی كارەبا بۆخۆیان بەكار بێنن."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group