سلێمانی.. بەبەشداریی 139 فۆتۆگەرافەر پرۆژەی وێنەی ساڵا بەڕێوەچو

22/02/2020 هەمەڕەنگ

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
ئەمڕۆ شەممە 22-2-2020 لە هۆڵی یەڵماز گۆنەی لە ئەمنە سورەكەی شاری سلێمانی بۆ یەكەمینجار لەسەرتاسەری هەرێم بەبەشداری 139 فۆتۆگرافەر، پرۆژەی وێنەی ساڵ بەڕێوەچو، كە تێیدا پێنج فۆتۆ بە جوانترین وێنەی ساڵ هەڵبژێردران.
لەوبارەیەوە ئاسۆ كەریم سەرۆكی رێكخراوی كوردستان فۆتۆ بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بۆ یەكەمجارە پرۆژەی وێنەی ساڵ ئەنجام دەدرێت و لە پێنج بواری فۆتۆگرافی جیاواز پێكهاتوە و پێشبڕكێی تێدا ئەنجامدراوە، ئامانج لێی پڕكردنەوەی كەلێنێكی زۆرە لەو بوارەدا تا فۆتۆگرافەران ئەو توانایەی هەیانە بیخەنەڕو، چالاكییەكەش دەبێتە سەرچاوەی هاندانی گەنجان لە بواری فۆتۆگرافیدا.
وتیشی "وێنە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستانەوە وەرگیراوە و تێیدا 139 فۆتۆگرافەر بە 900 وێنە بەشدارییان كرد، توانرا 5 وێنەی ساڵ لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە دیاری بكرێن".
لای خۆیشیەوە بێلان عەبدوڵڵا سەرۆكی رێكخراوی ئەنجومەنی گەنجانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی "ئامانجی وێنەكان نیشاندانی پەیامی نەتەوەی كورد و كوردستانە، هەروەها ئەم پرۆژەیە ساڵانە بەردەوام دەبێت بۆئەوەی لەساڵانی داهاتودا لەگەڵ وێنەگرانی ناشناڵ جیۆگرافی ئەم كارە بە نێودەوڵەتی بكرێت".
وێنەكانی پرۆژەكە بریتی بون لە "سروشت، ئەكشن، رۆژنامەوانی، شەقام و وێنەی شەو"، رێژەی بەشداریی كچانی فۆتۆگرافەر لە 2%بوو، بەپێی وتەی سەرپەرشتیارانی پرۆژەكە كاردەكرێت بۆ ئەوەی ساڵانی داهاتوو بەنێودەوڵەتی بكرێت و وێنەكان ئەرشیف بكرێن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group