زورفی له‌ راسپاردنه‌كه‌ی كشایه‌وه‌ و كازمی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپێردرا

09/04/2020 عێراق

نه‌وا
عه‌دنان زورفی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ده‌ستبه‌رداری مافی پێكهێنانی حكومه‌ت بو و له‌ راسپاردنه‌كه‌ی كشایه‌وه‌، سه‌رۆك كۆماریش موسته‌فا كازمیی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپارد.
ئه‌مڕۆ عه‌دنان زورفی، كه‌ راسپێردرابوو بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی نوێی عیراق پێكبهێنرێت، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ده‌ستبه‌رداری راسپاردنه‌كه‌ی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بووه‌.
زورفی رایگه‌یاند، ستراتیژی كابینه‌كه‌ی داناوه‌ و هه‌روه‌ها خشته‌ی كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كانی له‌ عیراق داناوه‌، دیدی خۆشی بۆ پێشخستنی ئابوریی عیراق دیاریكردووه‌، به‌ڵام چیتر به‌رده‌وام نابێت له‌ راسپاردنه‌كه‌ی و له‌ كاری په‌رله‌مانتاری به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌رئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق مسته‌فا كازمی-ی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، كه‌ پێده‌چێت زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی عیراق رێككه‌وتبن له‌سه‌ر پشتگیریكردنی كازمی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سونییه‌كانیش پشتگیریی خۆیان بۆ مسته‌فا كازمی ده‌ربڕیوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group