ئەمریكا یاداشتێكی پەیوەست بە دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی داوە بە عیراق

09/04/2020 عێراق

نەوا
نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی كاربەرێكەری عیراق رایگەیاند، بەغدا یاداشتێكی فەرمیی لە واشنتۆنەوە پێگەیشتووە، كە پەیوەستە بە دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەكەی عادل عەبدولمەهدی، ناوبراو لە میانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگەیاندووە "یاداشتێكی فەرمیمان لە ئیدارەی ئەمریكاوە پێگەیشتووە، كە پەیوەستە بە بڕیاری بنیاتنانی پەیوەندیی ستراتیژی و دووبارە بڵاوەپێكردنەی هێزكانی ئەمریكا لە عێراق و دەستكردن بە گفتوگۆ لەنێوان شاندی فەرمی هەردوو وڵات لەوبارەیەوە"، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەبارەی ناوەڕۆكی یاداشتەكەی ئاشكرا بكات.
عەبدولمەهدی وتوشیەتی "یاداشتەكەی ئەمریكا بەرەپێشچوونێكی گرنگە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و سەقامگیریی ناوچەكە، لەم ماوەیەشدا پەیوەندی لەنێوان گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵاتدا هەبووە و پێویستە بنەمای پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەكی ئاسایی بێت، نەك دوژمنكارانە، بۆیە لە بەرژەوەندی ئەمریكا و عێراقدایە وەك هاوبەش و دۆست بمێننەوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ناوچەكە و جیهاندا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group