پارێزگاری هەولێر: ئەوانەی لە نەخۆشخانەی كۆرۆنا گرتە ڤیدیۆییەكەیان بڵاوكردۆتەوە دەیاندەینە دادگا

10/04/2020

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
پارێزگاری‌ هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرترین پشكنینی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرئاستی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌ و عیراق لەشاری‌ هەولێر ئەنجامدراوە و دۆخەكەش لەژێر كۆنترۆڵدایە.
دوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی شەش رۆژی دیكە، ئێوارەی هەینی 10-4-2020 فرسەت سۆفی‌ پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا بڕیار و رێنمایی ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیاند و وتی "لەسەرئاستی‌ هەرێمی‌ كوردستان 16 هەزار و 350 پشكنین ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە 11 هەزار و 400 پشكنین لەپارێزگای‌ هەولێر ئەنجامدراوە، زۆری‌ پشكنینەكانیش لە پارێزگای هەولێر دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ژمارەیەكی‌ زۆری‌ ئەوانەی‌ لە ئێران‌ و وڵاتانی‌ دەرەوە گەڕاونەتەوە، لە هەولێر كەرەنتینكراون‌ و پشكنینیان بۆ كراوە، ئەو كەسانەشی‌ لە دەرەوەی‌ هەرێم گەڕابونەوە و پشكنینیان بۆ كرابو دوبارە پشكنینیان بۆ ئەنجامدرایەوە بۆ دڵنیایی زیاتر، پشكنینیش بۆ بازنەی‌ یەكەم‌ و دووەمی‌ توشبوان ئەنجامدراوە، واتە خزمە نزیك‌ و دراوسێ‌ و دەوروبەری‌ توشبوان پشكنینیان بۆ كراوە".
وتیشی "دوای درێژكردنەوەی شەش رۆژ بۆ قەدەغەی هاتوچۆ، بڕیاردرا لە كاتژمێر شەشی ئێوارە تا 12ی شەو قەدەغەی هاتوچۆی تەواو هەبێت تەنها بۆ تیمەكانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان و راگەیاندن رێگ كراوە دەبێت، بە مەرجێك لەكاتی ئەركدا بن".
هەروەها پارێزگاری هەولێر رونیكردەوە، لە كاتژمێر 12ی شەو تا كاتژمێر 6ی بەیانی گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گازی مۆلیدە و گۆڕەپانی غازفرۆشان و پزیشك و كارمەندانی ڤێتێرنەری و پرۆژەی كشتوكاڵی و باخداری و هەنگەوان و خاوەن و كارپێكەری مۆلیدە و بریكارانی خۆراك دەتوانن هاتوچۆ بكەن.
ئەوەشی خستەڕو، لە كاتژمێر 6ی بەیانییەوە ئۆتۆمبێلی غازفرۆشی ماڵان و گواستنەوەی ماست و شیر و فەرمانبەرانی دارایی و گەنجینە و بانكەكان و ئۆتۆمبێلی هەڵگرانی مۆڵەتی فەرمیی كشتوكاڵ و گواستنەوەی دەرمان لە كۆگاكان بۆ دەرمانخانەكان و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی خۆراك و پێداویستی و كۆمپانیاكانی دیلیڤەری و پۆست و سەربڕخانە دەتوانن هاتوچۆ بكەن.
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر جەختیكردەوە، بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەن ئەو شەش رۆژە هاوكار و هەماهەنگ بن بۆئەوەی مەترسی ئەو پەتای كۆرۆنایە لە هەرێمی كوردستان دوربكەوێتەوە.
لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەشی لە نەخۆشخانەی رزگاری تایبەت بە توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكراوەتەوە، فرسەت سۆفی وتی "ئەوانەی ئەو ڤیدیۆیەیان بڵاوكردۆتەوە، دەیاندەینە دادگا، چونكە ئەوە سوكایەتییە بە دامەزراوە تەندروستییەكانی دەكەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group