ترامپ بڕیارێك لەبارەی كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەردەكات

28/05/2020 جیهان

نەوا
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترامپ بڕیارێكی پەیوەست بە كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان واژۆ بكات، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی رێكخستنەوە و داخستنی لەو كۆمپانیایانە كرد و بە كپكردنی دەنگی موحافزكاران تۆمەتباریكردن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی كۆشكی سپییەوە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دۆناڵد ترامپ بڕیارێك واژۆ دەكات، كە پەیوەست دەبێت بە كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بدەن لەبارەی سروشت و ناوەڕۆكی بڕیارەكە.
بڕیارە چاوەڕوانكراوەكەی ترامپ دوای ئەوە دێت، كە دوێنێ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەرەوە رایگەیاند، كۆمارییەكان هەست دەكەن تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەنگی موحافزكاران بەتەواوی كپ دەكەن، بۆیە هەڕەشەی ئەوەی كرد، كە بە زۆر كاری كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕێكدەخەنەوە، یان دایاندەخەن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویشیكردوەتەوە، ڕوون نیە دۆناڵد ترامپ چۆن دەتوانێت هەڕەشەكانی بۆ داخستنی كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێبەجێ بكات، لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایانە موڵكی تایبەتن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group