میسی سنورێك بۆ مقۆمقۆی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی دادەنێت

01/06/2020 وەرزش
نەوا
لیۆنێل میسی ئەفسانە ئەرجەنتینییەكە كۆتایی بە هەموو ئەو مقۆ مقۆ و دەنگۆیانە دەهێنێت، كە لەبارەی نوێكردنەوە و نوێنەكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەیە.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانی، میسی دەیتوانی بەپێی بەندێكی گرێبەستەكەی، كە لە هاوینی 2021 كۆتایی دێت، بە خۆڕایی رووی لە یانەیەكی دیكە بكردایە، بەڵام ئەو هەنگاوەی نەناوە.
رۆژنامەكە زیاتری نوسیوە و ئاماژەی بەوەكردوە، میسی دەیتوانی تا پێش ئەمڕۆ 1-6-2020 ئیدارەی یانەكەی لە بڕیاری رۆیشتنی ئاگاداربكاتەوە، بەڵام ئەو كارەی نەكردوە، بۆیە بەلانی كەمەوە گرێبەستەكەی تا ساڵێكی دیكە بەردەوام دەبێت.
هەروەها رۆژنامەكە ئەوەشی رونكردوەتەوە، كە بەرپرسانی بەرشەلۆنە هەمیشە لەسەرخۆن لە پرسی نوێكردنەوەی گرێبەستیان لەگەڵ میسی، بڕوا و قەناعەتیان بەوە هەیە، كە بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەكە لەگەڵیان بەردەوام دەبێت و لەئایندەدا كار لەسەر نوێكردنەوەی پەیماننامەكەی نێوانیان دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group