نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ‌به‌غدا واده‌ی سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا دیاریده‌كات

04/06/2020

نه‌وا
سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ‌به‌غدا وتی، "بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق بدرێت و دواتر شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دێته‌ به‌غدا و دوو مه‌له‌ف له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وانیش دارایی و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش نه‌وت".
فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ‌به‌غدا، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی وتووه‌: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی ته‌واوكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراقه‌ هه‌ركاتێك ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ پڕكرانه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ ئاماده‌یه‌".
وتیشی: "دوای ته‌واوبونی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دێته‌ به‌غدا، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دو مه‌له‌ف له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وانیش مه‌له‌فی دارایی، كه‌ وه‌زیری دارایی هه‌یه‌ و وه‌زیری نه‌وت، كه‌ ئه‌و هێشتا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌ویش یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم بێته‌ به‌غدا".
فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ‌به‌غدا رونیشی كرده‌وه‌: "هه‌ركاتێك حكومه‌تی عیراق داوایكرد شاندی هه‌رێم ئاماده‌یه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی حكومه‌تی عیراقین، ئه‌گه‌رنا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group