عیراق.. داعش له‌ كه‌وتنی موسڵه‌وه‌ تا ئێستا

10/06/2020

نه‌وا
ئه‌مڕۆ 10-6-2020 شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر كه‌وتنی شاری موسڵ به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، تێ ده‌په‌ڕێت.
رۆژی شه‌شی حوزه‌یرانی 2014 ژماره‌یه‌ك چه‌كداری رێكخراوی تیرۆریستیی داعش له‌ خاكی سوریاوه‌ دزه‌یان كرده‌ ناو خاكی عیراق و له‌ میانی سێ رۆژدا و به‌دیاریكراوی له‌ نۆی حوزه‌یران هێرشیان كرده‌ سه‌ر شاری موسڵ باكووری عیراق و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد.
كۆنترۆڵكردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دوای ئه‌و هات كه‌ هه‌زاران سه‌ربازی سوپای عیراق بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵاتن و چه‌ك و جبه‌خانه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازییان بۆ رێكخراوه‌كه‌ جێهێشت، ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆی به‌هێزبوونی توانای سه‌ربازی داعش و لێره‌وه‌ جوڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی ده‌ست پێ كرد و پێگه‌ی خۆی له‌ عیراق و به‌تایبه‌ت له‌ شاری موسڵ به‌هێز كرد.
رۆژی 29ی حوزه‌یرانی 2014، ئه‌بو محه‌مه‌د عه‌دنانی وته‌بێژی داعش له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆییدا خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌ موسڵ راگه‌یاند، هاوكات ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی-یشی به‌ خه‌لیفه‌ راگه‌یاند.
چه‌ند رۆژێك دواتر و به‌دیاریكراوی له‌ رۆژی چواری ته‌مووزی هه‌مان ساڵ، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ وتاری نوێژی هه‌ینیی له‌ مزگه‌وتی نوریی شاری موسڵ به‌دیار كه‌وت و رایگه‌یاند كه‌ شوێنكه‌وتووانی خه‌لافه‌تیان راگه‌یاندووه‌ و ئه‌ویشیان وه‌ك خه‌لیفه‌ دیاری كردووه‌.
ئیتر لێره‌وه‌ چه‌كدارانی داعش هێرشی فراوانیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق و فراوانكردنی هه‌ژموونی خه‌لافه‌ته‌كه‌یان ده‌ست پێ كرد و توانیان ده‌ستبه‌سه‌ر ته‌واوی پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار و به‌شێكی زۆری پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌ددین، دیاله‌ و كه‌ركووك-دا بگرن.
- په‌لاماری داعش بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان له‌ شنگال
رۆژی سێی ئابی 2014، چه‌كدارانی داعش گه‌یشتنه‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال (145 كیلۆمه‌تر رۆژئاوای موسڵ) و له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ قه‌زای مه‌خموور (56 كیلۆمه‌تر باشووری رۆژئاوای ھه‌ولێر)یان داگیركرد و ئاراسته‌ی هێرشه‌كه‌یان به‌ره‌و هه‌ولێر هێنا.
ئیداره‌ی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی باراك ئۆباما به‌په‌له‌ هاته‌ سه‌ر خه‌ت هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش به‌ رابه‌رایه‌تی ئه‌مریكا و به‌ به‌شداریی 22 وڵات پێكهێنرا و هێرشی ئاسمانییان بۆسه‌ر رێكخراوه‌كه‌ ده‌ست پێ كرد، ئیتر لێره‌وه‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ دژبه‌ رێكخراوه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی هێرشه‌كانی و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوو، ده‌ستی پێ كرد.

- فه‌توای مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌ بۆ پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی

رۆژی 13ی حوزه‌یرانی 2014، كاتێك مه‌ترسییه‌كانی داعش بوون به‌ جیددی بۆسه‌ر عیراق و خه‌ریكبوو داعش بگاته‌ نزیك شاری به‌غدا، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ له‌ عیراق، عه‌لی سیستانی بانگه‌وازی چه‌كهه‌ڵگرتنی كرد دژبه‌ داعش و دواتر له‌ 24 شوباتی 2016دا، به‌ فه‌رمانێكی دیوانی ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ژێر ناوی حه‌شدی شه‌عبی-دا كۆكرانه‌وه‌ و له‌ رۆژی 26 تشرینی یه‌كه‌می 2016دا له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا، به‌ یاسا رێكخرا و بڕیار درا به‌ پێكهێنانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و كرایه‌ به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگریی عیراق و بوودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان كرا.

- ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش
هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌ پاڵپشتی ئاسمانیی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش هێرشه‌كان ده‌ست پێ كرد به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون، دوایین پێگه‌ی رێكخراوه‌كه‌ شاری موسڵ بوو كه‌ به‌قه‌ڵای داعش له‌ عیراق داده‌نرا و رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌م 2016 ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن سوپای عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانان ده‌ستی پێ كرد و رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2017، دوای شه‌ڕێكی سه‌خت، شاره‌كه‌ به‌ته‌واوی كۆنترۆڵكرایه‌وه‌.
سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی پێشووی عیراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش راگه‌یاند.

حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ وته‌یه‌كیدا وتی: "هێزه‌كانمان دوا پێگه‌ی تیرۆریستانی داعشیان له‌ رۆژئاوای ئه‌نبار كۆنترۆڵ كردووه‌، به‌وه‌یش ته‌واوی خاكی عیراق كۆنترۆڵكرایه‌وه‌ و خه‌ونه‌كه‌ بووه‌ به‌ڕاستی، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌یش به‌ خۆڕاگری گه‌له‌كه‌مان و ئازایه‌تی و گیانفیدایی هێزه‌كانمان به‌دی هات".
هه‌روه‌ها بڕیاردرا، رۆژی 10ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێك به‌ رۆژی سه‌ركه‌وتن دیاری بكرێت و هه‌موو ساڵێك ئه‌و رۆژه‌ بكرێت به‌ پشوو.

- قۆناغه‌كانی دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش
وێڕای ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند، به‌ڵام پاشماوه‌كانی داعش و شانه‌ نهێنییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ به‌رده‌وامبوون له‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر خه‌ڵكی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگاكانی كه‌ركووك، دیاله‌، سه‌ڵاحه‌ددین و زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین كه‌ به‌ سێگۆشه‌ی مه‌رگ ناوده‌برێت.
به‌هۆی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش، دوای ئه‌ركی شه‌ڕكردن و پاڵپشتی ئاسمانیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش، هاوپه‌یمانان ئه‌ركه‌كانیان گۆڕی بۆ مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا مه‌شق و راهێنانیان به‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان كرد و هێزه‌كانیشیان له‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌ عیراق جێگیر كرد له‌وانه‌؛ بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار، بنكه‌ی سه‌ربازیی گه‌یاره‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا وبنكه‌ی سه‌ربازیی K1 له‌ پارێزگای كه‌ركووك.

- لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌وتنی موسڵ

دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و خاكه‌ی عیراق كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیركرابوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاری دا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ھۆكاری كه‌وتنی شاری موسڵ و دیاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و رووداوه‌دا كه‌مته‌رخه‌م بوون.
وێڕای كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ و كاری چه‌ندین لیژنه‌ی دیكه‌ كه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست پێكهێنران، به‌ڵام تا ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ هۆكارێك بۆ كه‌وتنی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر داعش دیاری نه‌كراوه‌، ته‌نها ئه‌و نه‌بێت كه‌ به‌رپرسانی ئه‌و كاتی نه‌ینه‌وا و ئه‌ندامانی لیژنه‌كان له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆكوزیرانی ئه‌وكاتی عیراق، نوری مالیكی به‌رپرسه‌ له‌ كه‌وتنی شاره‌كه‌.

- كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و كاردانه‌وه‌كان
رۆژی سێی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سه‌ربه‌ سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌ بۆردومانێكی ئاسمانیی له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كرانه‌ ئامانج و له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ كوژران.
ئه‌م رووداوه‌ كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ وێنه‌یه‌كی ئاڵای ئه‌مریكای له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.
هاوكات سه‌رۆكوه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری خۆپیشانده‌ران و له‌سه‌ر داوای مه‌رجه‌عییه‌ت، رۆژی 30ی تشرینی دووه‌می 2019 ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌، له‌باره‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ كارێكی دووژمنكارانه‌یه‌ و دژبه‌ سه‌روه‌ری عیراقه‌، ئه‌م هێرشه‌ی ئه‌مریكا پێشێلی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كات كه‌ رێگه‌ی داوه‌ به‌بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق".
كردنه‌ ئامانجی سوله‌یمانی دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ رۆژی 31ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌ هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌ و باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا گردبوونه‌وه‌ و دواتر هێرشیانكرده‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌ و ئاگریان تێ به‌ردا.
رۆژی پێنجی كانوونی یه‌كه‌می 2020، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌بێ ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و په‌رله‌مانتارانی سوننه‌، ده‌نگی له‌سه‌ر پێشنیازه‌ بڕیارێك دا بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق، به‌ڵام ئیداره‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیارانه‌ ناكات كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عیراقه‌وه‌ ده‌رده‌كرێن.
ئه‌م بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌كانی سوننه‌ له‌ عیراق ره‌تكرایه‌وه‌ و رایانگه‌یاند، ئه‌وان نابنه‌ به‌شێك له‌ ململانێی نێوان ئه‌مریكا و ئێران
و له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند "ئێستا كاتێكی گونجاو نییه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عیراق"
وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس رۆژی هه‌شتی كانوونی دووه‌می 2020، سوپای پاسدارانی ئێران له‌ ئێرانه‌وه‌ مووشه‌كی ئاراسته‌ی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكای له‌ عیراق كرد و بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نباری كرده‌ ئامانج، هه‌روه‌ها چه‌ند مووشه‌كێكیشی ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر كرد كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ به‌شێكی فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا جێگیركراون.

- كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عیراق
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) له‌ جیهان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تاكه‌ به‌ جیهاندا، ڤایرۆسه‌كه‌ گه‌یشته‌ عیراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش رایگه‌یاند، وه‌ك هه‌نگاوێكی خۆپارێزی له‌ په‌تاكه‌ و به‌وپێیه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی بۆ مه‌شقپێكردنی هێزه‌ عیراقییه‌كان وه‌ستاوه‌، بڕیاردراوه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هێزه‌كانیان له‌ عیراق.
له‌ كۆتایی مانگی ئادار هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ قۆناغ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بنكه‌ی ئاسمانیی تاجی باكووری به‌غدا، بسمایه‌ باشووری عیراق، كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی له‌ موسڵ و بنكه‌ی سه‌ربازیی K1 له‌ پارێزگای كه‌ركووك كشانه‌وه‌ و هێزه‌كانیان به‌ره‌و هه‌روو بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار و بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر له‌ پارێزگای هه‌ولێر كشانده‌وه‌.
چاودێرانی سیاسیی و سه‌ربازیی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكایان بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ عیراقدا بڵاوه‌یان پێكراوه‌ و زۆرجار له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كانی نزیك له‌ ئێران ده‌كرانه‌ ئامانج، بۆیه‌ ئه‌مریكا دوو ناوچه‌ی پارێزراوی بۆ جێگیركردنی هێزه‌كانی هه‌ڵبژارد كه‌ عه‌ین ئه‌سه‌د و هه‌ریره‌ وه‌ك باس ده‌كرێت سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی پاتریۆت له‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ جێگیركراون.

- جموجۆڵه‌كانی داعش دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا
دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ نێوان سوپای عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش زیادی كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی رابردوودا، داعش هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ كوله‌جۆ سه‌ربه‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان كرده‌ ئامانج، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراقیش چه‌ندین جار هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقی كردووه‌ته‌ ئامانج.
چاودێرانی سه‌ربازیی زیادبوونی جموجۆڵه‌كانی داعش بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان وه‌ك پێشوو له‌ ئاسمانه‌وه‌ چاودێری خاكی عیراق ناكه‌ن و داعش ناكه‌نه‌ ئامانج، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی جموجۆڵه‌كانی داعش زانیاری هه‌واڵگری به‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان ناده‌ن.
ده‌زگای هه‌واڵگری عیراق هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر جموجۆڵه‌كانی داعش له‌ عیراق و تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین جار به‌ نووسراوی نهێنی زانیاری داوه‌ به‌ هێزه‌كانی ئه‌منی و سه‌ربازیی له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی داعش بۆ كردنه‌ئامانجی شوێنی ستراتیجیی له‌ عیراق، له‌وانه‌ نیاز و هه‌وڵی داعش بۆ كردنه‌ئامانجی باڵه‌خانه‌ی پارێزگای به‌غدا و كه‌ناڵی عیراقییه‌ و نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران له‌ ناوچه‌ی ساڵحییه‌ له‌ به‌غدا و له‌ نوێترین هۆشدارییشدا ده‌زگای هه‌واڵگریی له‌ بروسكه‌یه‌كدا رۆژی هه‌شتی ئایار ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانی كردووه‌، ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌وڵی چه‌كدارانی داعش بۆ كردنه‌ئامانجی هاووڵاتییان له‌ڕێگه‌ی بۆمبی چێنراو له‌ ناوچه‌كانی مه‌شته‌ل، به‌غداد جه‌دیده‌، شاری سه‌در و شه‌عب، هه‌ورها له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا داعش له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای به‌غدا په‌لاماری هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عیراق و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی دا.

ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی عیراق كه‌ داعش جوڵه‌ و كرده‌ی سه‌ربازیی تیادا زیادكردووه‌، ناوچه‌كانی باشووری رۆژئاوای پارێزگای كه‌ركووكه‌ كه‌ له‌ میانی چه‌ند مانگی رابردوودا، داعش له‌ شاری كه‌ركووك چه‌ندین كرده‌ی تیرۆریستیی ئه‌نجامدا كه‌ دوایینیان كرده‌ ئامانجی باره‌گای ده‌زگای هه‌واڵگریی بوو له‌ شاره‌كه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی دوو خۆگوژه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، هه‌روه‌ها چه‌كدارێكی داعش له‌ شاره‌كه‌ ده‌ستگیركرا كه‌ پله‌ی ئه‌میری هه‌بووه‌ له‌ناو رێكخراوه‌كه‌ و دواتر دانی به‌بوونی چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی سه‌ربه‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ناو كه‌ركووك دانا.
له‌ مانگی رابردوودا، چه‌كدارانی هۆزه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ و ناحیه‌كانی ریاز و ره‌شاد باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك به‌ پاڵپشتی هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنین به‌دوای پاشماوه‌كانی داعش كه‌ بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌.
دوایین هه‌وڵی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌و ناوچانه‌دا، ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی پاڵه‌وانه‌كانی عیراق بوو كه‌ رۆژی دووی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عیراق به‌ ئامانجی راوه‌دوونانی تیرۆریستانی داعش له‌ پێنج میحوه‌ری كه‌ركووك ئه‌نجامدرا.

- گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ عیراق
مایڵێز كاگێنز وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش، رایگه‌یاند، دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، جارێكی دیكه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش ده‌ست به‌ چالاكییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌.
كه‌نه‌دا كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژبه‌ داعش له‌ عیراق ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی جێگیركردبوو، دوای كشانه‌وه‌یان به‌هۆی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا رایانگه‌یاندبوو، دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ عیراق و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ناتۆدا بگه‌ڕێنه‌وه‌.
هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری داوای له‌ ئه‌مریكا كرد هاوكاری عیراق بكات و پێیوانه‌بێت له‌ تێپه‌ڕاندنی حكوومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی براوه‌ بووه‌ و به‌رامبه‌ره‌كه‌یشی دۆڕاو.
له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی فه‌تح له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، محه‌مه‌د سالم غه‌ببان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو كه‌ داوا له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن له‌ تێپه‌ڕبوونی حكوومه‌ت خۆی به‌ براوه‌ و به‌رامبه‌ره‌كه‌یشی به‌ شكستخواردوو نه‌زانێت له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و رایگه‌یاند، له‌سه‌ر ئه‌مریكا پێویسته‌ ئه‌وه‌ نیشان بدات كه‌ گرنگی به‌ عیراق ده‌دات، كاری له‌پێشینه‌ی پشتیوانیكردنی عیراقه‌ له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌دا.
چاودێرانی سیاسیی پێیانوایه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌یه‌ی عیراق به‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی پێشوویان داده‌نرێت كه‌ دژبه‌ ئه‌مریكا نیشانیان ده‌دا و ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی ده‌ستوه‌ردان و هه‌ژموونی ئێران له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌ عیراق به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئێران رووبه‌ڕووی قه‌یرانی قوڵی ئابووریی و جه‌نگی دژبه‌ كۆرۆنا بووه‌ته‌وه‌ و له‌ نوێترین هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاشدا له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی ئێران بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمیۆ رایگه‌یاند، ئێران به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی خۆیدا چووه‌ته‌وه‌ و ئیتر مه‌ترسییه‌ك نییه‌ بۆسه‌ر ئێمه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆیه‌ چوار پاتریۆتی له‌ سعوودیه‌ كشانده‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group