نه‌وا
گوندی خوێڵین سه‌ربه ناحیه‌ی سه‌نگاوه و به دووری 103 كم ده‌كه‌وێته رۆژئاوای شاری سلێمانی، ماوه‌ی 200 ساڵه له رێی ئه‌ستێڵی ئاوه‌وه، خوێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
ئه‌م گونده به كارگه‌ی بهرههمهمهێنانی خوێ به‌ناوبانگه له رێی ئاوی كانیاوهوه، نه‌ك ده‌ریا. هاوشانی خوێ، چه‌ندین كانزای تر له‌وانه گۆگرد له رێی كانیاوهكانییهوه ده‌ست ده‌خرێت.
ئه‌شكه‌وتی كونه كه‌متیار كه نزیكی ئه‌م گونده‌یه یه‌كێكه له درێژترین ئه‌شكه‌وته‌كانی هه‌رێم كه بۆته جێی سه‌رنجی زۆرێك له گه‌شتیارانی بیانی و ناوخۆیی.
ساڵانه هاووڵاتییانی ئه‌م گونده سه‌رقاڵن به به‌رهه‌مهێنانی خوێ-وه كه كوالیتیه‌كی به‌رزی هه‌یه، به‌پێی گوته‌ی خه‌ڵكی گونده‌كه، خۆێیهكهیان حه‌وت هێنده‌ی خوێی ئاسایی سوێرتره.
كاتێك ده‌چیته گونده‌كه‌وه سه‌ره‌ڕای بوونی تایبه‌تمه‌ندی جیاواز له گونده‌كه‌دا، هه‌ست ده‌كه‌یت كه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك بۆ گونده نه‌چووه له خوێندنگه و شه‌قامی تایبه‌ت.
ئومێد خوێڵینی كه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری ده‌رهێنانی خوێ ده‌كات له‌و گۆلانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا كانگایه‌كی باشی به‌رهه‌مهێنانی خوێیهكهن، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه مێژووی ده‌رهێنانی خوێ له ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی 1830 ئه‌و كات هێنده زۆر بووه كه ته‌نیا به سه‌تڵ ده‌ریان كردووه و وتی: ''له باوكم و باپیرم و باوكی باپیرمه‌وه هه‌ر خه‌ریكی ئه‌م كاره‌بوون لێره خوێیان ده‌رده‌كرد، ده‌توانم بڵێم پێش 200 ساڵه ئه‌م كانه خوێیه هه‌ر هه‌بووه، زۆرێك له خوێیه‌كانی تر له شاخ ده‌یهاڕن، یان هه‌ندێكیانی تری له باشووره‌وه له كه‌نار و رۆخی ده‌ریاكاندا به‌ده‌ستی ده‌هێنن، هه‌مووی له گۆلاودا ده‌ریده‌هێنن، به‌ڵام لێره ئاوێكی پاك هه‌ڵده‌قوڵێت، له‌وێوه خوێیهكه به‌رهه‌م ده‌هێنین.''
ئه‌وان له به‌هاردا و به دیاریكراوی له مانگی نیسانه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ن به كاركردن بۆ به‌رهه‌مهێنانی خوێ و له‌وباره‌یه‌وه ئومێد وتی: ''له مانگی چوار و پێنج‌دا ده‌ست ده‌كه‌ین به كاركردن له نزیك ئه‌م ئهستێڵانه، ئه‌وه‌ی قوڕی له‌گه‌ڵدا بێت جیای ده‌كه‌ینه‌وه، گۆله‌كه سواخ ده‌ده‌ین و دهیكوتینهوه، ئاو ده‌كه‌ینه ئه‌ستێڵه‌كان، له‌وێوه ده‌رژێنه گۆلهكانهوه، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی باران ده‌بڕێت، دوای ئه‌وه له مانگی حوزه‌یران بۆ تهمووز ده‌ست ده‌كات به به‌رهه‌مهێنانی خوێ و ئێمه‌ش ده‌ست ده‌كه‌ین به خوێ ده‌ركردن.''
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی دروستبوونی ئه‌و خوێیه ئومێد وتی: ''ئاوی كانیاوێك هه‌یه كه سوێره، له‌وێوه به‌بۆری ئاوه‌كه رادهكێشینه نێو چه‌ند ئهستێڵێكهوه، له‌و ئهستێڵانهدا ئاوه‌كه گل ده‌ده‌ینه‌وه و دواتر به‌سه‌ر گۆلهكاندا دابه‌شیان ده‌كه‌ین، دواتر له گۆلهكانهوه خوێیه‌كان ده‌رده‌كه‌ین.''
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌مساڵ به‌هۆی كه‌می باران بارینه‌وه گۆله‌كه زووتر خوێی ده‌ركردووه.
ئومێد باس له‌وه ده‌كات كه ناوچه‌كه‌یان 83 گۆلی خوێی تێدایه، سه‌رجه‌م رۆژانه 3-10 كه‌س كار ده‌كه‌ن له گۆلهكاندا به‌پێی پێویستی.
ئومێد ده‌شڵێت كه ئه‌وان خوێیهكه ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كه‌ن و زۆر شوێن داوای ئه‌و جۆره خوێیه ده‌كه‌ن به‌هۆی به‌رزی كوالیتیهكهیهوه، له‌وانه شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، چه‌مچه‌ماڵ، قه‌ره‌داغ، سلێمانی، بازیان، هه‌ولێر و كه‌ركووك-یش زۆر جار داواكاری له‌سه‌ره و ده‌ڵێت: ''له ساڵی 2008 له ناوچه‌ی شێخان پشكنین بۆ ئه‌م خوێیه كراوه له‌لایه‌ن كه‌سانی بیانییه‌وه، باس له‌وه كراوه كه یه‌ك كیلۆی ئه‌م خوێیه هێنده‌ی حه‌وت كیلۆی خوێی ئاسایی تر سوێره، بۆیه له رووی كوالیتییه‌وه زۆر باشه و خه‌ڵك لێی رازین.''
سه‌باره‌ت به قورسی و ئاسانی كاركردن له‌و گۆلانه‌دا بۆ ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی خوێ، ئومێد ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كاركردن له‌و گۆلانه‌دا قورسه و لێزانینی ده‌وێت و وتی: ''قوڕ ده‌ردان و كوتینه‌وه و خوێ ده‌ركردن بۆ ناو گوێنی و دوورینه‌وه‌ی گوێنیهكه و پاشان كۆڵكردنێتی بۆ نێو ئۆتۆمبێله‌كان كه لێره‌وه دوورن به‌هۆی نه‌بوونی رێگاوه، ئه‌مه بۆخۆی قورسی كاره‌كه ده‌رده‌خات.''
سه‌باره‌ت به نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ گه‌یشتن به شوێنی ده‌ركردنی ئه‌و خوێیه كه به‌پێی گوته‌ی زۆرێك له بارزگانه‌كان كوالیتیه‌كی به‌رزی هه‌یه، ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ی ده‌ركردنی خوێ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه حكوومه‌ت به‌هیچ جۆرێك ئاوڕی ئاوه‌دانی له‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌وان نه‌داوه‌ته‌وه هه‌ر له گونده‌كه‌وه بیگره تا شوێنی ده‌رهێنانی ئه‌و خوێیه كه ده‌كرێت بكرێت به به‌رهه‌مێكی خۆماڵی به‌پێز و له زۆر لاوه سوودی لێوه‌ربگیرێت.
ناوبراو باس له‌وه ده‌كات كه بۆ ترشیات، زه‌یتون، بۆ خواردن ده‌ست ده‌دات به‌هۆی كوالیتییهوهكه و ئاماژه به‌وه ده‌كات له‌ئێستادا، به‌رهه‌مهێنانی خوێ له ناوچه‌كه‌دا كه‌می كردووه له چاو ساڵانی 1990دا و ده‌ڵێت ''له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ساڵانه هه‌زار بۆ هه‌زار و 400 تۆن خوێی دهردهركرد، به‌ڵام ساڵی پار ته‌نیا 400 تۆن خوێی ده‌كردووه له دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 2017ه‌وه ئه‌و كانییه ئاوی شیرینی تێكه‌ڵ بووه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی جارانی نه‌ماوه".
ئومێد ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌رده‌وام خوێیهكهیان كڕیاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه له‌وانه له كه‌ركووك، هه‌ولێر و سلێمانی-یه‌وه به‌تایبه‌ت بۆی دێن و ده‌یبه‌ن و ساغی ده‌كه‌نه‌وه.