كۆچەرییەكانی ناوچەیەكی باكوری كوردستان لەڕێی وزەی خۆرەوە كێشەی كارەبایان چارەسەركردوە

01/07/2020 هەمەڕەنگ

نەوا

نەبونی كارەبا گەورەترین كێشەی كۆچەرییەكانی چیای ئاگری-یە لە باكوری كوردستان، بەڵام لەئێستادا ئەو كێشەیەیان لەڕێی بەكارهێنانی وزەی خۆرەوە چارەسەركردوە.
ئەو كۆچەرییانەی بۆ لەوەڕاندنی ماڵاتەكانیان كۆچیان بۆ كوێستانەكانی چیای ئاگری و دامێنی زنجیرە چیاكانی ئاراس كردوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هێڵی گواستنەوەی كارەبا لە كوێستانەكاندا پەنایان بۆ بەكارهێنانی وزەی خۆر بردوە.
بەگوێرەی بەدواداچونێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ كۆچەرییەكانی پارێزگای ئیدر لە باكوری كوردستان، لە پاڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی لەوەڕگا، روبەڕوی گرفتەكانی كەشوهەوا دەبنەوە.
یەكێكی دیكە لە كێشەكانی كۆچەرییەكان نەبوونی هێڵی گواستنەوەی كارەبایە لە بەشێكی كوێستانەكاندا، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەش پەنایان بردوەتەبەر بەكارهێنانی پانێڵی تایبەت بە كۆكردنەوەی وزەی خۆر و لەو رێگەیەوە رەشماڵەكانیان روناك دەكەنەوە.
ئەو پانێڵانەی داندراون، لە رۆژدا وزەی خۆر كۆدەكەنەوە و لە شەودا بەو وزەیە رەشماڵەكان روناك دەكەنەوە، كۆچەرییەكان، مۆبایلەكانیان و ئەو لایتانەی بەكاریاندەهێنن، هەر بەهۆی ئەو پانێڵانەوە بارگاوی دەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group