عیراق بڕیاری لەسەر هاوردەكردنی چارەسەرەكەی روسیا بۆ كۆرۆنا نەداوە

02/07/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ چارەسەرێكی كۆرۆنایان لە روسیاوە هاوردە نەكردووە و لە ئێستادا حكومەت توێژینەوەی ورد لەسەر كوالێتی و نرخی دەرمانە روسییەكە دەكات.
حازم جەمیلی بریكاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ چارەسەرێكیان بۆ روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە روسیاوە هاوردەنەكردووە، چونكە چارەسەرەكەی روسیا تایبەتمەند نییە بە چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێشتر ئەو چارەسەرە بۆ جۆرەكانی دیكەی ڤایرۆس بەكارهاتووە و ئێستاش لە روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا بەكاردەهێنرێت. 
بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمە تەكنیكییەكانی حكومەت توێژینەوەی ورد لەسەر كوالێتی و نرخی چارەسەرە روسییەكە دەكەن بۆ بڕیاردان لەسەری.
ئاشكراشیكردووە، لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە چارەسەری كۆرۆنایان پێگەیشتووە، كە لەوانەیە لە چارەسەرەكەی روسیا كاریگەرتر بن.
لە مانگی رابردوودا، بەرپرسانی تەندروستیی روسیا رایانگەیاند، دەرمانی "ئاڤاڤیر"، كە پێشتر لە وڵاتەكە بۆ جۆرەكانی دیكەی ڤایرۆس بەكارهاتووە، بە رێژەی 90% لە چارەسەركردنی توشبوانی كۆرۆنا سەركەوتوبووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group