توركیا: ئیدانه‌كردنى هێرشه‌كانى سه‌ر (باكوری عیراق) له‌لایه‌ن میسره‌وه‌ كۆمیدیایه‌كى ره‌شه‌

04/07/2020 جیهان

نه‌وا
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا بڵاویكرده‌وه‌، ئیدانه‌كردنى پرۆسه‌كانى "چنگ – هه‌ڵۆ" و "چنگ – پڵنگ" بۆسه‌ر باكوری عیراق دژى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌لایه‌ن میسره‌وه‌، كۆمیدیایه‌كى ره‌شه‌.
حامی ئاكسۆی وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، به‌یاننامه‌كه‌ى میسر كه‌ تێیدا ئیدانه‌ى پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كانى توركیاى كردوه‌ بۆسه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ باكورى عیراق تۆمه‌تباركردنى ئه‌نقه‌ره‌ به‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى ناسه‌قامگیرییه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، قبوڵ نه‌كراوه‌.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، ئیدانه‌كردنى پرۆسه‌كانى توركیا دژى تیرۆر (به‌قسه‌ى خۆى) له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ى به‌ كوده‌تا چونه‌ته‌ سه‌ر حوكم و هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ لیبیا له‌رێگه‌ى كوده‌تا له‌لایه‌ن خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ره‌وه‌، كۆمیدیایه‌كى ره‌شه‌.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ لێدوانه‌ نابه‌رپرسانه‌ خزمه‌تى گه‌لى عیراق ناكات، به‌ڵكو بۆ خزمه‌تكردنى ئه‌جێنداى په‌كه‌كه‌یه‌، كه‌ -به‌وته‌ی خۆی- ده‌ستى به‌خوێن سوره‌ و پێویسته‌ چاوپۆشى له‌و رێكخراوه‌ نه‌كرێت، له‌كاتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر سه‌قامگیرى و ئارامى و یه‌كگرتویى خاكى عیراق دروستكردوه‌.
له‌ماوه‌ى رابردودا سوپاى توركیا به‌چڕى ده‌ستى كردوه‌ به‌ هێرش و داگیركارى بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ش به‌ بیانوى شه‌ڕى دژى په‌كه‌كه‌ و به‌هۆى هێرشه‌كانیشیه‌وه‌ چه‌ندین هاووڵاتى بێتاوانى كورد شه‌هیدبون و زه‌ره‌ر و زیانێكى مادى زۆریش كه‌وتوه‌ته‌وه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group