رۆژی 11ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی دەستپێدەكات

04/07/2020
نەوا - سەعید عەبدوڵڵا - هەولێر
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت ، 11ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەی پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەهەمو بەشەكانیەوە دەست پێدەكات و ئەو قوتابیانەش توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن، 1/9/2020 تاقیكردنەوە دەكەن .
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "پێنجشەمە و هەینی دوو كۆبونەوەمان ئەنجامدا لە نێوان لیژنەی هەمانگیكاری وەزارەتە پەیوەندیارەكان تایبەت بە تاوتوێكردنی بەڕێوەچونی رەوشی تاقیكردنەوەی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی، دوای پێشەكەشكردنی هەڵسەنگاندنی وردی تەندروستی، رۆژی 11/7/2020 یەكەم رۆژی تاقیكردنەوەكانە بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی بەهەمو بەشەكانیەوە.
ئەوەشی خستەڕو، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی بڕیاردرا تاقیكردنەوە ئەنجام بدرێن، بەڵام بە رێنمایی تەندروستییەوە، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی نێردراوە و گشتاندنی بۆ دەكرێت.
گوتیشی ، داوا لە دایكان و باوكانی قوتابیان و خوێندكاران دەكەین كەشێكی ئارام لەروی دەرونی بۆ قوتابیان و خوێندكاران بڕەخسێنن و هاتوچۆ و سەردان و چونیان بۆ شوێنی قەرەباڵغ و سەردانی كۆمەڵایەتی لەو ماوەیەدا نەبێت، ئەمەش لە پێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندكاران .
باسی لەوەشكرد "لیژنەی پێویست لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی  ناوخۆ دروست كراوە بۆ سەرپەرشتی پرۆسەكە و لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەماهەنگی بەردەوامین و بەشێك لە هۆڵەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەرگیراون بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش لە پەیوەندیداین و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شارەكان لەروی تەندروستیەوە رێكاری پێویست ئەنجام دەدەن".
راشیگەیاند ، ئەمساڵ 162 هەزار و 668 قوتابی و خوێندكاری ئامادەیی هەبون، كە 144 هەزار و 142 قوتابی و خوێندكار مافی بەشداربونیان بەدەستهێناوە و نزیكەی 18 هەزاریش مافی بەشداربونیان بەدەست نەهێناوە، ئەو قوتابی و خوێندكارانە لە 2337 هۆڵی زانكۆ و پەیمانگاكان و قوتابخانە ئەهلیەكان و هۆڵەكانی قوتابخانەكان تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن.
وەزیری پەروەردەی هەرێم راشیگەیاند "بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان قوتابیان پێویستە ماسك بەكاربێنن، دەستكێش ئیختیاریە، بۆ هەمو ناوەندەكانی خوێندن مادەی خاوێنكەرەوە دابین دەكەین، دوریی نێوان قوتابیان و خوێندكاران بەشێوەی تەندروستی دەبێت و گۆڕینەوەی پێنوس و هیچ پێداویستی تاقیكردنەوە رێگەپێدراو نیە، نابێت هیچ بەریەككەوتنێك هەبێت".
دوپاتیشیكردەوە "رێنمایی پێویست دەركراوە بۆ ئەو قوتابیانەی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، ئەگەر نەیانتوانی تاقیكردنەوە ئەنجام بدەن، لە 1/9/2020  تاقیكردنەوە ئەنجام دەدەن ، ئەوانەشی لەهەردوو خول نەیانتوانی تاقیكردنەوە بكەن، ئەوا دواتر تاقیكردنەوەیان پێدەكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تەنها پشت بە وەزارەتی تەندروستی دەبەستین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group