زیاتر لە سێ ملیۆن مریشكی زیندو لە هەرێمی كوردستاندا مرداربونەوە

04/07/2020

نەوا
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان گومانی خۆیان لەبەرانبەر ئەو دەرمانی كوتانەی بۆ مریشك بەكاردێت رادەگەیەنن، داواش دەكەن حكومەت خۆی ئەو دەرمانە دابینبكات و رێگەنەدرێت بازرگانی پێوەبكرێت.
لەوبارەیەوە نازم عەبدوڵڵا جاف جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان لە شاری سلێمانی رایگەیاند، لەئێستادا نەخۆشی نیوكاسڵ و ئایبی و گەمبۆرۆ رویكردۆتە مریشك و جوچكی ناو پرۆژەكانی بەخێوكردنی مریشك كە زیانێكی زۆری لەبەرهەمی ناوخۆیی داوە و ترسی زۆرمان هەیە رێژەكە زیاتربێت.
دەشڵێت "گومانی زۆرمان هەیە لەسەر دەرمانی كوتانی بەرگریی مریشك، پاش ئەو كوتانە مریشكەكان لەدوای پێنج رۆژ نەخۆش دەكەون و دەمرن".
هەروەها نازم عەبدوڵڵا جاف جەختدەكاتەوە، پێویستە حكومەت رێگری تەواوبكات و رێگەنەدات ئەو كوتانی مریشكە لە وڵاتانی دراوسێوە بازرگانەكان بیهێنن و لە هەمو دوكانێك دەستبكەوێت، كە ئەمە مەترسییە لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی پەلەوەر، بۆیە حكومەت خۆی پێویستە ئەو كوتانە دابینبكات و بەبڕێك پارە بیداتەوە بە خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان تا حكومەت دڵنیابێت لە كوالێتی باشی كوتانەكە و خاوەن كێڵگەكانیش بێ دودڵی بەكاریبهێنن.
ئاماژەی بەوەشدا "لەماوەی 15 رۆژدا، 3 ملیار دینار زیان بەر خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان كەوتوە لە سەرتاسەری كوردستاندا، ئەگەر رەوشەكە وا بەردەوامبێت زیانەكان بەرزدەبێتەوە بۆ 30 ملیار دینار، كە بەهۆی نەخۆشییەكەوە نزیكەی 5 ملیۆن مریشك و جوچك لەسەرتاسەری كوردستاندا مرداربونەتەوە".
لەئێستادا خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان گیرۆدەن بەدەست نەخۆشی نیوكاسڵ و ئایبی و گەمبۆرۆ، كە ئەم نەخۆشیانە ساڵانە هەن و زیان بە پەلەوەر دەگەیەنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group