كارگه‌ی قتوبه‌ندكردنی هه‌ریر: رۆژانه‌ 100 بۆ 150 تۆن ته‌ماته‌ وه‌رده‌گرین

07/07/2020

نه‌وا
بەڕێوەبەری کارگەی قتووبەندکردنی هەریر ڕایدەگەیەنێت، لەسبەینێوە ئێمە تەماتە بەنرخی ڕۆژ وەردەگرین کۆگای دەکەین، دەتوانین ڕۆژانەش 100 بۆ 150 تۆن تەماتە وەربگرین، پلانیشیمان هەیە ترێ و بەرهەمەکانی میوەش وەربگرین تاوەکو بیکەین بەشەربەت.
لوقمان حەسەن بەڕێوەبەری کارگەی قتووبەندکردنی هەریر لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێژنەیەک پێکهاتووە تاوەکو هەموو ئەو بەروومەی هەیە بەبازاڕی بکەین بەشێوەی گونجاو بۆ جوتیاران و ئێمەش، بۆ ساڵی داهاتووش پلانێکی درێژخایەنمان داناوە بۆ ئەوەی کێشەی ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە.
دەشڵێت، کارگەی قتووبەندی هەریر تەنها تایبەت بەدۆشاوی تەماتە نییە، بەڵکو توانای بەشەربەتکردنی ترێ و تەواوی بەرهەمەکانی تری میوەی هەیە، بۆیە لەئێستادا پلان دادەنێین تاوەکو ئامادەسازی بکەین بۆ ئەوەی جگه لەتەماتە بەرهەمی میوەکانی وەک ترێ لەجووتیاران وەربگرینەوە، دەبێتە هەنگاوی باش بۆ هاوکاریکردنی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی کشتووکاڵەوە.
ڕوونیشیکردەوە، ئێستا ئامادەین بۆ هەرشتێک، بەڵام پلانی داهاتوومان هەیە بۆئەو تەماتەیەی دەشێت بکرێتە دۆشاوی تەماتە پێویستە تۆیەکەی جیاوازبێت لەگەڵ تۆی ئەو تەماتەیەی بۆ خواردن بەرهەم دەهێنرێت، چونکە ئەو تەماتەیەی ئێستا هەیە بیکەین بە دۆشاوی تەماتە نزیکەی حەوت کیلۆ تەماتە پێویستە، بەڵام ئەگەر ئەو تەماتەیەی ئێمە دەیڵێین دەبێت گۆشتن بێت و ئاوی کەم بێت ئەوکات ڕەنگی باشتر تەنها ٥ کیلۆ پێویست دەبێت بۆ دۆشاوی تەماتە کوالێتی باشتر دەبێت، بۆیە پلان هەیە تۆی تەماتەکە بدەین بەجووتیاران و گرێبەستیان لەگەڵ بکەین.

ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە زۆرکات جووتیاران پابەندی گرێبەستەکان نابن، ئێمە لەمانگی دووەوە پێمان وتن کەوا بۆ هەر کیلۆیەک تەماتە 200 دینار دەدەین بەسندوق و هەمووشتێکی خۆمانەوە ڕازی نەبوون، بۆیه دەبێت دڵینایی لەسەر نرخەکانیش بدەن بەئێمە، ئەوکات ئێمە ئامادەین هەرچەند تەماتە هەبێت بیکڕینەوە.

باسی لەوەشکرد، دەتوانین ڕۆژانە 100 بۆ 150 تۆن تەماتە وەربگرین، لەئێستادا ناتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕبکەینەوە لەدۆشاوی تەماتە، بەڵام بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دەتوانین ئەوەبکەین، لەسبەینێوەش ئێمە تەماتە بەنرخی ڕۆژ وەردەگرین کۆگای دەکەین، چونکە نزیکەی 15 ڕۆژمان پێویستە بۆ کارپێکردنەوەی کارگەکە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group