ئیدارەی گەرمیان رەخنەی كەمتەرخەمبونی لە بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا رەتدەكاتەوە

12/07/2020

نەوا
ئیدارەی گەرمیان وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە، كە لێیدەگیرێت لەبارەی كەمتەرخەمبونی بەرامبەر بە دۆخی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، دەڵێت، لایەنی بەرپرسی فەرمی بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی كۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیانە.
لە رونكردنەوەیەكدا ئیدارەی گەرمیان رایگەیاندووە، "ماوەی چەند رۆژێكە و لەگەڵ زیاتر تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووەكە، هەڵمەتێكی رێكخراو و بەمەبەست لەسەر ئیدارەی گەرمیان دەستیپێكردووە، كە گوایە ئیدارەی گەرمیان لە ئاست بارودۆخەكە كەمتەرخەمە و نەیتوانیوە ئیدارەی دۆخەكە بدات.
ئیدارەی گەرمیان دەشڵێت، لایەنی بەرپرسی فەرمی بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی كۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیانە و ئیدارەی گەرمیان و سەرپەرشتیارەكەی ئەوپەڕی پشتیوانیی بەڕێوەبەرەكەی كردووە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتەكانی سنورەكەی راسپاردووە هاوكاری تەواو و هەماهەنگ بن لەگەڵ تەندروستیی گەرمیان.
ئیدارەی گەرمیان ئاشكراشیكردووە، داوایانكردووە لێكۆڵینەوە لە كەموكورتیەكانی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە كۆرۆنا و كارنەكردن بە ئامێرەكانی بكرێت و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بدرێتە دادگای تایبەتمەند، هەروەها جگە لەو بڕە پارانەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان تەرخانكراوە، حكومەتی هەرێم كۆی ئەو بودجەیەی تەرخانیكردووە بۆ بەرنگاربونەوەی كۆرۆنا بۆ ئیدارەی گەرمیان، بڕەكەی 350 ملیۆن دینار بووە، لە روانگەی بەرپرسیارێتیەوە، تەواوی ئەو بڕە پارەیە خراوەتە خزمەتی پێداویستیی تەندروستی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group