عەلی حەمە ساڵح: ئەو گەندەڵی و قاچاخچیەتیەی ئێستا هەیە لە 91 یش نەبووە

07/08/2020

نەوا
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: لەنێو شاری سلێمانی بەئاشكرا نوسینگەی قاچاخچێتی هەن كە چیت بوێت لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵ دەكەن و هەروەها بڕیار بەدەستی خاڵی سنوریی وەلید و خاپور لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان، تەنیا كۆمپانیایەكە.
لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، عەلی حەمەساڵح نوسیویەتی، "بەڕێزان لە سەرۆكایەتی حكومەت، تكایە ئەم قاچاخچێتی و تاڵانی و مافیاگەرییە ڕابگرن."
ئەوەشی خستۆتەڕو" لەگەڵ چەندین جوتیارو حەیواندار،  كە ھەمویان تووشی زیانی گەورەبوون  بەدواداچونمان كرد بۆ ئەم قاچاخی و تاڵانیەی كە ھەیە. ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەكرێت لە 1991 یش نەبوە."
بەپێی قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان "بەئاشكرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەكەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەكەن. بەڕادێك خەیارو سێو و پیازو قۆخ بە چوار ھەزار دۆلار داخڵدەكەن، ھێلكە بە 12 ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەكەی و ھەرچی دیكەشت ھەبێت بۆت داخڵدەكرێت. ئێستا تەنیا لە قاچاخی جگەرە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار دەبرێت!"
ئاشكراشیكردوە"ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەكەو بازاڕی دۆلارەكە بە ئاشكرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەكانی حكومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەكرێت."
وتوشیەتی"بڕیار بەدەست لە خاڵی سنوری وەلیدو خاپور لەگەڵ ڕۆژئاوا چی بڕوات و بێت تەنیا كۆمپانیایەكە، لە سحێلاوە دو سەر حەیوان بە 35 ھەزار داخڵدەكەن. زیانیان بە سەدان مەڕداڕ گەیاندوە."
بەبڕوای عەلی حەمەساڵح، "ھەرچەندە ئەم قاچاخی و قۆرخكاریە واجھەكەی چەند كەسێكە، بەڵام بە دڵنیایی لوتكەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حكومی لە پشتە  ئەگەرنا ناكرێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group