تەندروستی عیراق: 90% تووشبوانی كۆرۆنا بە شێوەی سوك و مامناوەند نەخۆشیەكە دەگرن

07/08/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق رایگەیاند، 90% توشبوانی كۆرۆنا بەشێوەیەكی سوك و مامناوەند ڤایرۆسەكەیان گرتوە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، 90%ی توشبوانی كۆرۆنا بەشێوەیەكی سوك و مامناوەند ڤایرۆسەكەیان گرتوە، تەنها 10%یان بەقورسی توشی ئەو ڤایرۆسە بون.
سەبارەت بەبڕیارەكانی قەدەغەی هاتوچۆش رایگەیاندوە، سەرجەم بڕیارەكان لەلایەن لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیەوە درەچون نەك وەزارەتی تەندروستی، هەر ئەو لیژنەیەش كۆبونەوە دەكات و پلان و بەرنامە بۆ قۆناغەكانی داهاتوی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاریدەكات.
سەیف بەدر ئەوەشی ئاشكراكردوە، لەكاتی جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆی رێژەیی، هاوڵاتیان كەمتر پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی دەبن و بەریەككەوتن و گردبونەوەیان زۆریان هەیە، لەمانگی رابردوشدا بەهۆی سەردانیكردنی مەزارگا پیرۆزەكانەوە فشاری زۆر لەسەر پارێزگاكان دروستبو، بۆیە بەپێی رێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە كار لەسەر كەرەنتینكردنی ناوچەكان دەكەن.
بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، زیاتر لە 140 هەزار توشبوی كۆرۆنا تۆماركراوە، كە لەو ژمارەیە زیاتر لە پێنج هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group