لە نیوزلەندا 100 رۆژە هیچ حاڵەتێكی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە

09/08/2020 جیهان

نەوا
جاسیندا ئاردێرن سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند، لەوەتەی كۆتا حاڵەتی توشبون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە یەكی ئایارەوە تۆماركراوە، تا ئێستا كە 100 رۆژ دەكات، هیچ حاڵەتێكی نوێی توشبون بە پەتاكە تۆمارنەكراوە.
رادیۆی نیوزلەندا بڵاوی كردەوە، جاسیندا ئاردێرن سەبارەت بەوەی وڵاتەكەی 100 رۆژی بەڕێكردوە و هیچ حاڵەتێكی نوێی توشبون بە پەتاكە تۆمار نەكراوە، لە لێدوانێكیدا باسی لەوە كردووە ئەو سەركەوتنەی تۆماریان كردوە هەڕەشەی شەپۆلی دووەمی پەتاكەی كەمكردوەتەوە.
جەختی لەسەر ئەوەشكردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو سەركەوتنەی وڵاتەكەی دژبە پەتای كۆرۆنا بەدەستی هێناوە هیچ وڵاتێك تۆماری نەكردوە، بەڵام پێویستە خەڵكی رێوشوێنەكانی دژبە ڤایرۆسەكە پشتگوێ نەخەن و دەشڵێت ''100 رۆژ كاتێكی باشە، بەڵام ئەو رەوشە هیچ مەترسییەك كەمناكاتەوە، كە رۆژانەیە. لەم جیهانەدا، كە پەتاكە لە زیادبوندایە بەدڵنیاییەوە مەترسیی بەردەوامە''.
سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا ئەوەی وەبیر هاووڵاتیان هێناوەتەوە ئەو حاڵەتانەی توشبون، كە ئێستا لە وڵاتەكەیدا هەیە، هەمویان سەرچاوەی توشبونیان دەرەوەی وڵات بووە، لەبەرئەوە نیوزلەندا هێشتا سنورەكانی زۆر بەوریاییەوە بەڕێوەدەبات، ئاگاداری ئەوەیشی دا پێویستە خەڵكی هۆشیاربن.
یەكەم حاڵەتی توشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە نیوزلەندا لە 28ی شوباتدا تۆماركرا، بەپێی ئەنجامی 494 هەزار و 481 پشكنین، كە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتدا ئەنجامدراوە، لە كۆی هەزار و 569 توشبو، هەزار و 524 كەسیان چاكبونەتەوە و 22 كەسیش گیانیانلەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group