راپۆرتێكی نێودەوڵەتی: زۆرینەی بێسەروشوێنكراوەكان لە عیراق لەناوبراون و بەنهێنی نێژراون

09/08/2020 عێراق

نەوا
بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، زۆرینەی ئەو كەسانەی لەناوچە ئازادكراوەكانی عیراق بێسەروشوێنن، لەناوبراون و بە نهێنی نێژراون.
عومەر فەرحان بەڕێوەبەری ناوەندی عیراقی بۆ تۆماركردنی تاوانەكانی جەنگ، بە رۆژنامەی "ئیندیپێندێنتی عەرەبی" وتوە "عیراق یەكەمە لە ریزبەندیی وڵاتانی جیهان لە رووی ژمارەی بێسەروشوێنكراوەكانەوە لەسەر دەستی هێزەكانی حكومەت و میلیشیاكان".
باسی لەوەشكردوە، پرۆسە سەربازیەكانی دژی رێكخراوی داعش لە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین و نەینەوا بونەتە هۆی بێسەروشوێنبونی 23 هەزار كەس لەو پارێزگایانە، سەرەڕای بونی ڤیدیۆ و وێنە كە تەئكید لەوە دەكەنەوە زۆرینەیان لەلایەن میلیشیاكانەوە رفێندراون، بەڵام تائێستا چارەنوسیان نادیارە، هۆكارەكەشی بۆ تۆڵەكردنەوە و گۆڕانكاری دیمۆگرافی و تاییفی دەگەڕێتەوە.
هەروەها تائێستا ناوەندی عیراقی بۆ تۆماركردنی تاوانەكانی جەنگ زیاتر لە 75 حاڵەتی بێسەروشوێنكردنی چالاكوانانی مەدەنی لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان تۆماركردوە و تائێستاش ئازاد نەكراون، هەروەها چارەنوسیان دیار نییە و ئاشكراش نییە چ تۆمەتێكیان لەسەرە.
عومەر فەرحان ئەوەشی ئاشكراكردوە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ باس لەوەدەكەن بەشێكی زۆری بێسەروشوێنەكان لەناوبراون و بەنهێنی نێژراون، هەروەها چارەنوسی ئەوانی دیكە دیار نییە و لە گرتوخانەكاندا لەژێر ئەشكەنجەدان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group