ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە جیهاندا 20 ملیۆنی تێپەڕاند

10/08/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە زیاتر لە 20 ملیۆن كەس، بەڵام نزیكەكی 13 ملیۆنیان چاكبونەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی worldometers.info، كە سات بە سات داتاكانی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەی توشبوانی پەتاكە لە سەرتاسەری جیهاندا گەیشتوەتە 20 ملیۆن و 25 هەزار و 950 كەس. لە بەرانبەردا 12 ملیۆن و 900 هەزار و 621 كەسیش چاكبونەتەوە.
هەروەها بەپێی ماڵپەڕەكە، بەهۆی ڤایرۆسەكەوە 734 هەزار و 18 كەس لە جیهاندا گیانیانلەدەستداوە.
ئەمریكا یەكەم وڵاتی جیهانە لەسەر هەرسێ ئاستی توشبون، چاكبونەوە و گیانلەدەستدان، بەجۆرێك توشبوانی لە 5 ملیۆن و 200 هەزار نزیكدەبێتەوە، چاكبونەوەش 2 ملیۆن و 664 هەزاری تێپەڕاند، گیانلەدەستدانیش 165 هەزار و 617 حاڵەتە.
لە پاش ئەمریكا، بەرازیل و هیندستان دێت، كە لەسەر هەرسێ ئاستەكە پلەی دووەم و سێیەمیان گرتوە.
تائێستاش عیراق لە ریزبەندیی 21مینی وڵاتانی توشبوی ڤایرۆسەكەن و 150 هەزار و 115 كەس تائێستا پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ بوە، كە 107 هەزار و 775یان چاكبونەتەوە، بەڵام 5 هەزار و 392 گیانلەدەستدانیش تۆماركراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group