نیوه‌ یه‌كه‌می ئه‌مساڵ كۆى گشتى باج له‌ عیراقدا چه‌ند بوه‌؟

11/08/2020 عێراق

نه‌وا
ده‌سته‌ى گشتیى باج له‌ عیراق ئاشكرایكرد، داهاتى باج له‌ مانگى ته‌مموزى رابردودا 177 ملیار دینار بوه‌ و به‌رێژه‌ى 15% زیادى كردوه‌، له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى 2020 یشدا گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر له‌ دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار.
شاكر زوبه‌یدى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌ى گشتیى باج رایگه‌یاندوه‌، باج یارمه‌تیده‌رێكى باشه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا بڵاوبوه‌ته‌وه‌ و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئابورى عیراق و جیهانیش به‌ گشتى داناوه‌.
رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، 40%ى باج داهاتى خاڵه‌ گومرگییه‌كانه‌ و له‌ دواى نه‌وت دووه‌م سه‌رچاوه‌ى داهاته‌ بۆ پشتگیریكردنى بودجه‌ى گشتى ده‌وڵه‌ت، به‌هۆى ئه‌و داهاته‌وه‌ ئابوریى نیشتمانى ده‌توانێت پشتگیرى وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانى نیشتمانى بكات.
زوبه‌یدى ئاشكراشیكردوه‌، ته‌نها له‌مانگى ته‌مموزدا داهاتى باج 177 ملیار دینار بووه‌، هه‌روه‌ها كۆى گشتى له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر له‌ دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار، سه‌ره‌ڕاى رێوشوێنه‌كانى دژى ڤایرۆسى كۆرۆنا، كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر جوڵه‌ى بازرگانى دروستكردوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group