دادگای سلێمانی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ هاوسەری سێوان قادر دەركرد

11/08/2020

نەوا
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگای سلێمانی دوا دانیشتنی لەسەر كەیسی سوتانی سێوان قادر و سێ منداڵەكەی ئەنجامدا و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هاوسەرەكەی دەركرد.
دوای تێپەڕبونی نزیكەی دوو ساڵ و 16 دانیشتنی دادگا، دواجار دادوەری دادگای سلێمانی بڕیاری دا هاوسەری سێوان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی سوتاندنی ژنەكەی و سێ منداڵەكەی، لەسێدارە بدرێت.
لە شەوی 16ی 12ی ساڵی 2018، بەهۆی ئاگرەوە سێوان قادر و سێ منداڵەكەی لەنێو ماڵەكەی خۆیان لە گەڕەكی ئاسودەی شارۆچكەی چەمچەماڵ سوتان و راستەوخۆ منداڵەكان گیانیانلەدەستدا، بەڵام دایكیان پاش چەند رۆژێك مانەوەی لە نەخۆشخانە دواتر گیانیلەدەستدا.
هەر دوای روداوەكە، پۆلیسی چەمچەماڵ، هاوسەری سێوان قادر-یان دەستگیركرد و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدا و پاش 16 دانیشتنی دادگا، دادوەر بڕیاری تاوانباركردنی هاوسەرەكەی دەركرد و حوكمی لەسێدارەدانیشی راگەیاند.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group