ڤاكسینەكەی روسیا و كەمبونەوەی نەوتی عەمباركراوی ئەمریكا نرخی بڕێنت بەرزدەكاتەوە

12/08/2020 جیهان

نەوا
كەمبونەوەی نەوتی خاوی بازرگانیی عەمباركراو لە ئەمریكا و دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە روسیا، بونەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو.
نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی مامەڵەی وزەدا بەرز و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت، بە جۆرێك لە نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەدا نرخی جۆری برێنت جارێكی دیكە بەرزبوەوە بۆ 44 دۆلار و 98 سەنت. لە هەمان كاتدا یەك بەرمیل خاوی خۆرئاوای تێكساسی ئەمریكا بە 42 دۆلار فرۆشرا.
بەپێی پێشبینییەكانی پەیمانگای نەوتی ئەمریكا API، نەوتی خاوی بازرگانیی عەمباركراو لە ئەمریكا، چوار ملیۆن بەرمیل كەمی كردوو. ئەو دابەزینەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی داخوازی بازاڕی ئەمریكا لەسەر نەوت، كە گەورەترین بەكاربەریەتی لە جیهاندا و ئەوەش بوەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخەكەی.
لەگەڵ ئەوەشدا روسیا، كە رایگەیاند یەكەم ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركردوە، كاریگەری لەسەر چاوەڕوانی سەرلەنوێ زیادبوونی بەكاربردنی نەوت دروستكردوە، كە پێشتر بەهۆی پەتاكەوە كەمی كردبو.
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریكا EIA، پێشبینی دەكات نەوتی خاوی بازرگانیی عەمباركراو لە وڵاتدا ئەمساڵ 990 هەزار بەرمیل كەم بكات‌ و دابەزێت‌ بۆ 11 ملیۆن و 26 هەزار بەرمیل. ئەوە لەكاتێكدایە فەرمانگەكە مانگی رابردوو پێشبینی كردبوو بەرهەمی ئەمساڵ 600 هەزار بەرمیل كەم بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group