توركیا وەڵامی عيراق دەداتەوە: رێوشوێنی پێویست دژ بە پەكەكە بگرنەبەر

13/08/2020 جیهان

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردەوە، بەرپرسیارێتیی عیراقە رێوشوێنی پێویست دژ بە ئەندامانی پەكەكە بگرێتەبەر، كە لە وڵاتەكەدا هەن، ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لە بونی پەكەكە بكرێت، توركیا پێداگرە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ئاسایشی سنورەكانی.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، پەكەكە ساڵانێكە لەو ناوچانەی عیراق، كە لانەی دروستكردووە، هێرشدەكاتەسەر توركیا و بێمنەتە بەرامبەر سەروەریی، یەكپارچەیی خاك، ئاسایش و سەقامگیریی عیراق.
بۆیە وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت، "سەرەتا بەرپرسیارێتیی عیراقە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر دژبە ئەندامانی پەكەكە، كە لە وڵاتەكەدا هەن، لەو روەوە وڵاتەكەمان ئامادەی هاریكارییە لەگەڵ عیراق، بەڵام ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لە بونی پەكەكە بكرێت، ئەوا پێداگرین لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەپێناو ئاسایشی سنوورەكان وەك ئەوەی تا ئێستا كردومانە و هەرچییەك دەبێت با ببێت".
هەروەها ئەنقەرە داوا لە هەندێك وڵاتی دیكە و رێكخراوە هەرێمییەكان دەكات، كە ئەم رەوشە بەهەل دەزانن، بانگەشەی بێ بنەما دژبە توركیا نەكەن و هانی گروپە چەكدارییەكان نەدەن، كۆتایی بەو هەڵوێستە دوفاقییە بهێنن لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا و هەڵوێستێكی مەبدەئی بگرنەبەر.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group