وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم وەڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراقی ده‌داته‌وه و جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه، له 16ی نیسانی 2020ه‌وه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه نه‌كراوه، ده‌شڵێت: وەزارەتی دارایی عێراق لەمپەری بۆ رێککەوتن دروستکردووە.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌ته‌كه "به به‌یاننامه‌یه‌ك، وه‌ڵامی به‌یاننامه‌ی دوێنێی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی دایه‌وه".
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، "له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمدا، كه به زمانی عه‌ره‌بی ئاراسته‌ی به‌غدا كراوه، هاتووە: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌وه‌ی كه له په‌رله‌مانی كوردستان متمانه‌ی پێ به‌خشراوه، سیاسه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی سه‌رجه‌م كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی له چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستووری عێراق گرتووه‌ته‌به‌ر".
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندا باس له‌وه‌شكراوه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له هه‌موو قۆناخه‌كاندا نه‌رمی نواندووه بۆ چارەسەر‌كردنی كێشه‌كان و رۆژی 16-7-2019 سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا و هه‌ردوولایه‌ن رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوور ببێته ناوبژیكار بۆ ئه‌م پرسانه. رۆژی 25-7-2019 یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی به‌ئاماده‌بوونی دوو جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له هه‌ولێر ئه‌نجامدرا و حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشنیاز و راسپارده‌كانی بۆ چاره‌سەركردنی كێشه‌كان خسته‌ڕوو. "رۆژی 1-12-2020 له به‌غدا رێككه‌وتین بۆ ئه‌وه‌ی مافه نه‌وتی و داراییه‌كان له بودجه‌ی گشتیی 2020 چاره‌سەربكرێن".
هەروەها وەزارەتی دارایی دەشڵێت: ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه نه‌چێتە بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. "ده‌بوو حكومه‌تی ناوه‌ند تاوەکو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت و وێڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبوونی خۆی چه‌ندباره كرده‌وه به رێككه‌وتنه‌كه و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه نابێت ناكۆكییه سیاسییه‌كان ببێته هۆكاری بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام رۆژی 16-4-2020 به‌بێ هیچ پاڵپشتییه‌كی یاسایی و ده‌ستووری، تاكلایه‌نانه بڕیاری بڕینی شایسته داراییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دا".
وەزارەتی دارایی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار شاندی فه‌رمیی ره‌وانه‌ی به‌غدا كرد بۆ تاوتوێكردنی ته‌واوی كه‌یسه‌كان به‌گشتی و پرس و بابه‌ته هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانیش به‌تایبه‌تی، به‌ڵام به‌م دواییانه تێبینی ئه‌وه‌مان كرد ده‌ستی ده‌ستی ده‌كرێت له‌باره‌ی گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌باره‌ی كه‌یسی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".
جێی ئاماژه‌یه دوێنێ چوارشەممە وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق له‌ڕێگه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكەوە وه‌ڵامی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی رۆژی چوارشەممەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دایه‌وه كه له‌به‌شێكیدا هاتبوو، حكومه‌تی عێراقی له خه‌می پێدانی مافه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و زامنكردنی مووچه‌كانیان بووه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی بۆیانده‌ركه‌وتووه ئه‌و شایسته داراییانه‌ی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان نێردراون نه‌گه‌یشتووه‌ته ده‌ست خاوه‌نه‌كانیان.