لاهور شێخ جه‌نگی: سورین له‌سه‌ر رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا

15/08/2020

نه‌وا
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سوربونی حزبەكەی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دوپاتدەكاتەوە.
لە تویتێكدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نوسیوێتی "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سورە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێم".
ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی بە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت و چەند وەزیرێك، لایەنێكی سەرەكیی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتیی شاندەكانی حكومەتی دەكرد بۆ بەغدا، بەڵام تائێستا هەرێم و عیراق لەسەر پرسەكانی نەوت و خاڵە سنورییەكان و شایستە داراییەكان رێكنەكەوتون.
لە بەغداش یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار و چەند وەزیر و پۆستێكی باڵای دیكە و 21 پەرلەمانتاری هەیە.
لەكاتێكدا لە چەند رۆژی رابردوشدا هەردوولا نزیكبوون لە رێككەوتن، بەوەی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بە هاوبەشی لەلایەن هەولێر و بەغداوە بەڕێوەببرێت و نیوەی داهاتەكانیان بۆ بەغدا بێت، لە بەرانبەردا حكومەتی فیدراڵی مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام راگەیەندراوی دوا كۆبونەوەی حكومەتی هەرێم و وەڵامەكەی وەزارەتی دارایی عیراق، ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنەكەی لاواز كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group