فوئاد حسێن داوا له‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا ده‌كات عیراق له‌ لیستى وڵاته‌ مه‌ترسیداره‌كاندا ده‌ربهێنێت

17/09/2020 جیهان

نه‌وا
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق داوا لە یەكێتیی ئەوروپا دەكات، ناوی عیراق لە لیستی كۆمسیۆنی ئەوروپی وەك یەكێك لەو وڵاتانەی مەترسی باڵایە لە بواری سپیكردنەوەی پارە و هاوكاری دارایی تیرۆر دەربهێنێت، داواشی لە بەرپرسانی یەكێتییەكە كرد سەردانی بەغدا بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، فوئاد حسێن لە بارەگای كۆمسیۆنی ئەوروپی لە برۆكسل چاوی بە جۆزێف بۆریل نوێنەری باڵای سیاسەتەكانی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتی ئەوروپا كەوتوە و سوپاسی هەڵوێستی یەكێتیەكەی لە پشتگیریكردنی عیراق لە بوارە جیاوازەكاندا كردوە.
لە كۆبونەوەكەدا باس لە كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكانی هەردوولا لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی كراوە، كە لە رۆژی 8-9-2020 ئەنجامدران و تەئكید لە گرنگی هاریكاری و رێككەوتنی هاوبەش لەنێوان یەكێتییەكە و عیراقیش كراوەتەوە.
بەپێی هەمان بەیاننامە، هەردوولا باسیان لە هەڵگرتنی ناوی عیراق لە لیستی كۆمسیۆنی ئەوروپی بۆ وڵاتە مەترسیدارە باڵاكان لە بواری سپیكردنەوەی پارە و هاوكاری دارایی تیرۆر كردوە، فوئاد حسێن بانگهێشتی لایەنە تایبەتمەندەكانی كۆمسیۆنەكەی كردوە بۆ پەلەكردن لە كردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە هونەری و تایبەتمەندەكانی عیراق، ئەوەش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای وڵاتەكە لەو بوارەدا و هەڵگرتنی ناوی لەو لیستەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group