قائیمقامیەتی سلێمانی داوایەك ئاراستەی دایك و باوكان دەكات

19/09/2020

نەوا
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشكرایكرد، لە بازگەی عەربەت دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر شەربەت و شیرینیدا گرتوە و داوایەكیش ئاراستەی دایكان و باوكان دەكات.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی لەزاری لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانەوە بڵاویكردوەتەوە، لەبازگەی عەربەت-سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر بڕێكی زۆر شەربەت و شیرینی و بنێشتدا گرت و رەوانەی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی كرد بۆ پشكنین.
ئاماژەی بەوەشداوە، پاش ئەوەی لەلایەن لیژنەكانەوە پشكنینی فیزیایی بۆ كرا، دەركەوت 90 كیس خواردنەوەی ئیستەك، 10 كارتۆن نەستەلەی نادۆ، 15 كارتۆن بنێشتی سكات بەروارەكەیان بەپێی ساڵ و رۆژی ئێرانە و بەپێی ستانداردی عیراقی و جیهانی نییە و لە‌ ئێرانیشەوە هاوردەكراوە.
رونیشیكردوەتەوە، بەپێی رێنماییەكانی بازرگانیی عیراق پێویستە ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنیانەی لەبازاڕەكاندا بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت،‌ تەواوی زانیارییەكانی لەسەر پێكهاتە و بەرواری دروستكردن و بەرهەمهێنان و بەسەرچونی بەپێی ستانداردی عیراقی و جیهان لە لێبڵێكدا لەسەر ئەو دەفرەی تێیدایە، خرابێتەرو‌.
سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی داواش لە دایكان و باوكان دەكات، بەوریاییەكی زیاترەوە ئاگاداری ئەو خواردن و خواردنەوانەبن، كە منداڵەكانیان لە دوكانی گەڕەك و بازاڕەكاندا دەیانكڕن، لەكاتی هەبونی گومان لەسەر خواردەمەنیەك لیژنەكانی قائیمقامیەت ئاگاداربكەنەوە، دەشڵێت "بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی شەربەت و شیرینی و بنێشتەكە ‌لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێككاری یاسایی دەكرێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group