تاقیكردنەوە لەسەر چەند دەرمانێكی گیایی ئەفریقی دەكرێت بۆ چارەسەری كۆرۆنا

20/09/2020 جیهان

نەوا
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی پرۆتۆكۆڵێك پەسەند دەكات بۆ تاقیكردنەوەی ژمارەیەك دەرمانی گیایی ئەفریقی بۆ چارەسەركردنی كۆرۆنا و نەخۆشییە گوازراوەكان.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەفریقی پرۆتۆكۆڵێكی پەسەندكرد، بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەی قۆناغی سێیەم لەسەر دەرمانە گیاییەكان بكرێت و ئەنجومەنێكیش بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان پێكبهێندرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەكان لەسەر سێ هەزار كەس دەكرێت و ئامانجیش لێی، زانینی كاریگەرییەكانی دەرمانەكەیە لەسەر كەسی تووشبوو بە كۆرۆنا.
ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەیەك وڵات سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنان، لەناویشیاندا ئەمریكا و روسیا و چین.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاندبوو، رەنگە مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی ڤاكسین بكرێت و تاوەكو كۆتایی ئەمساڵیش 100 ملیۆن ڤاكسین لە سەرتاسەری ئەمریكا دابەش دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group