راوێژكارێكی كازمی: روبەڕوبونەوەی گەندەڵی قازانجی ئەمریكای تیایە

23/09/2020 عێراق

نەوا
عەبدولڕەحمان جبوری راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سود لەو هەڵمەتەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەبینێت، كە دژی گەندەڵی دەستیپێكردوە و بەردەوامیش دەبێت".
عەبدولڕەحمان جبوری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە، تەنها بەڵگەكان دەبنەهۆی ئەوەی كەسێك تۆمەتبار بكرێت، لەكاتێكدا دەوڵەت بەڵگەی هەیە بۆیە تۆمەتباركردنی هیچ كەسێك بە ئەنقەست نییە و هیچ نیازێكی تر لە پشت بەڕێوەچونی هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی نییە.
هێمای بۆ ئەوەشكرد، دەوڵەت بە قەیرانی ئابوریدا تێپەڕدەبێت و بە بونی گەندەڵی ئەو داهاتە كەمەشی هەیە بۆ مافیاكان دەڕوات، بۆیە نەختینە لەبەردەستدا نییە بۆ بەكارهێنان و بەردەوامی راییكردنی پێداویستییەكانی گەل.
بەوتەی عەبدولڕەحمان جبوری راوێژكاری سەرۆك وەزیران، بەكارهێنانی كارتی گەندەڵی لەلایەن كازمییەوە دژی ركابەرەكانی و بۆ رازیكردنی گەل دورە لە راستییەوە، ئەگەر سەیری بەرنامە حكومیەكەی بكەینەوە ئەوا دەبینین روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی كارەكانیەتی، رەنگە قازانجی ئەمریكاشی تێدابێت، بەڵام ئەوە ئامانجی كازمی نییە، بەڵكو بە هۆكاری نیشتمانی ئەو كارە دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group