له‌باره‌ی چوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان و یاداشتی پرساندنه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

27/09/2020

نه‌وا
عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان باس له‌وه‌ده‌كات، چوونی سەرۆکی حکومەت (لەسەر داوای خۆی) بۆ په‌رله‌مان هیچ پەیوەندی بە بابەتی پرساندنیەوە نییە و دوو بابەتی جیان .
له‌نوسینێكدا له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یسبوك عه‌بدولستار مه‌جید باسی له‌وه‌شكردووه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات بۆ میوانداری و خستنەڕووی هەندێ شتی تایبەت کە خۆی دەیەوێت.
جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، یاداشتی 23 پەرلەمانتارەکە بۆ پرساندنی سەرۆک و جێگری سەرۆک و وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەمڕۆش بە فەرمیی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانمان کرد بۆ ڕێکخستنی کۆبونەوەیەکی تایبەت و بانگهێشتکردنی ئەو بەڕێزانەی داواکراون و دواتر پرساندنیان .
جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌، كه‌ په‌رپرسانی حکومەت بێن یان نەیەن، ئێمە لەسەر بابەتی پرساندن سورین و پێویستە یاسا مەجرای خۆی وەربگرێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
پێشتر ماڵپه‌ری فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردبوه‌وه‌: بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە سەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێم، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێك بخات، کە تیایدا سەرۆکی حکومەت لە سەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، رێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتارێك پێشکەش بکات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group