نێچیرڤان بارزانی پشتگیری له‌ رێكاره‌كانی كازمی ده‌كات دژ به‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان

29/09/2020

نه‌وا
نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكاره‌كانی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌رده‌بڕێت و نیگه‌رانیشن به‌رانبه‌ر دۆخی ئه‌منیی وڵات.
به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ لۆرێنزۆ گوێرینی وه‌زیری به‌رگریی ئیتاڵیا كرد، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، دۆخی ئه‌منیی عیراق و هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له‌ عیراق و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجوڵه‌كانی داعش تاووتوێ كراون.
هه‌ردوولا "هاوڕا بوون هێشتا عیراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ هاوكاری و پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی ئیتاڵیا به‌رده‌وامیی پشتگیری و هاوكاریی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌"‌.
سه‌رۆكی هه‌رێم سوپاسی په‌رله‌مانی ئیتاڵیای كرد، كه‌ ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی ئه‌ركی هێزه‌ ئیتاڵییه‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان دا. 
له‌باره‌ی دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی عیراق، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندوه‌،‌‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق و هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان ده‌ڕوانێت، راشیگه‌یاندووه‌، "ئه‌ركی نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی گرنگه‌، بۆ هاوكاری و پشتگیرییه‌ له‌ عیراق و ده‌بێت سه‌لامه‌تی و ئاسایشیان بپارێزرێت، هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو پشتگیرییه‌ك له‌ هه‌نگاو و رێكاره‌كانی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group