پەرلەمانتارێك: عیراق خاوەنی 100 تریلیۆن دینارە و 35 تریلیۆنی لای هاووڵاتیان هەڵگیراوە

29/09/2020 عێراق

نەوا
شارەزایانی ئابوریی عیراق باسلەوەدەكەن، بەهۆی نەبونی متمانە بە بانكەكان و رێوشوێنە ئەمنیەكان و زۆری پشوەكانەوە، 35 تریلیۆن دینار، كە دەكاتە دەوروبەری "28 ملیار دۆلار" لەلای هاووڵاتیانە و نایخەنە بانكەكانەوە و پەرلەمانتارێكیش كێشە گەورەكە ئاشكرادەكات.
بەپێی راپۆرتە ئابورییەكان، قەبارەی دراوی عیراقی 100 تریلیۆن دینارە و لەو پارەیەش بەشێكی زۆری لەلای هاووڵاتیان هەڵگیراوە و نایخەنە بانكەكانەوە، لەوبارەیەوە ریاز مەسعودی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "العربی الجدید"دا وتویەتی "لەو 100 تریلیۆن دینارەی عیراق هەیەتی، 35 تریلیۆنی لەلای هاووڵاتیانە، ئەگەر سیستمێكی بانكی متمانەپێكراو هەبوایە و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی هەبوایە ئەوا 90%ی ئەو پارەیە دەبرایە بانكەكانەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر ئەو پارەیە بخرێتە بانكەكانەوە ئەوا حكومەتی عیراقی دەیتوانی لە پرۆژە گرنگەكاندا وەبەرهێنانی پێوە بكات، وەك رێگەوبان و بەندەرەكان و نیشتەجێبون و بنیاتنانی ژێرخان.
مەسعودی باسی لەوەشكردوە، كێشە گەورەكە ئەوەیە پارەی كاشی بانكە تایبەتییە عیراقییەكان لەلایەن حكومەتەوە تەختكرا، چونكە قەرزی كردوە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، لەئێستاشدا بانكێكی زۆر هەیە، كە ناتوانن قەرز بدەن بە حكومەت، چونكە بڕی پێویست پارەی كاشی نییە، كێشەكە ئەوەیە سیستمێكی بڕواپێكراو نییە بۆ كۆنترۆڵكردنی جوڵەی دراو لە وڵاتدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group