وه‌زیری كاره‌با: بۆ زستان 500 مێگاوات به‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای هه‌رێم زیاد ده‌بێت

29/09/2020

نه‌وا
وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵدا 500 میگاوات كاره‌با بۆ سه‌ر تۆڕه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی زیاد ده‌بێت.
رۆژی سێ شه‌ممه‌ بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەكانی وێستگه‌ی كاره‌بای ئازادی نوێ 132 كه‌یڤی، راكێشانی هێڵی پاڵه‌په‌ستۆی به‌رزی 132 كه‌یڤی و ده‌ركردنی فیده‌ره‌كانی 33 كه‌یڤی و 11 كه‌یڤی لە هه‌ولێر كرانەوە.
كەمال محەممەد ساڵح وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وتەیەكیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورەیە و لە چەند بڕگەیەك پێك دێ و نزیکەی 14.7 ملیۆن دیناری تێچووە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارزۆری لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.
باسی لەوەش کرد که لە مانگی هەشت نزیکەی بیست کاتژمێر کارەبا دراوەتە هاوڵاتیان، ئێستا 3000 تا 3200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن و لەم وەرزی زستانەش 500 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێتە سەر تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی.
ئاماژەی بەوەش دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی دابینکردنی کارەبا دەدات، بەڵام دەبێ هاووڵاتیانیش هاوکاربن لە بەهەدەرنەدانی کارەبا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group