فەتلاوی: بارودۆخی ئابوریی وڵات زەنگی مەترسی لێدەدات

30/09/2020 عێراق

نەوا
فازڵ فەتلاوی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی هاوپەیمانێتیی فەتح جەختدەكاتەوە، بارودۆخی ئابوریی وڵات زەنگی مەترسی لێدەدات. داواش دەكات كاروبارە ئابوری و داراییەكان تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
فازڵ فەتلاوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە "قەرزكردن لە بانكەكان چارەسەر نییە و وڵات روبەڕوی مایەپوچبون دەكاتەوە، چونكە عیراق سەرچاوەی زۆر و گەورەی لەبەردەستدایە، كە دەتوانێت هەمو ئەو كێشانە چارەسەربكات"، پرسیاری ئەوەش دەكات پارەی تۆڕەكانی پەیوەندی بۆ كوێ‌ دەڕوات؟، پارەی باج و فڕۆكەخانەكان و پارەی هەرێم بۆ كوێ‌ دەڕوات؟، پارەی دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە كوێن؟.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئیدارەیەكی راست بۆ ئابوریی وڵات هەبێت، هەربۆیە داوا دەكات كاروباری ئابوری و دارایی تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، چونكە ئەگەر ئیدارەیەكی دروست هەبێت و بودجەیەكی راستەقینە بنیادبنرێت ئەوا هەرگیز عیراق روبەڕوی ئەم قەیرانە نابێتەوە.
رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلولی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پرۆژەیاسای دابینكردنی پارەی بۆ كورتهێنان پەسند كرد و ئاراستەی پەرلەمانی كرد بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group