ئێران: لە هێنانی گروپە تەكفیرییەكان بۆ ئازەربایجان ناڕەحەتین

21/10/2020 جیهان

نەوا
ئێران، بێ ئەوەی ناوی توركیا بێنێت، نیگەرانە لە گواستنەوەی گروپە چەكدارییەكان بۆ ئازەربایجان، دەشڵێت، "ئێران وەڵامی هەر دەستدرێژییەك دەداتەوە، تەنانەت ئەگەر بە هەڵەش بێت".
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان كرد، نیگەرانیی تارانی دەربڕی لە گواستنەوەی گروپە چەكدارە سورییەكان بۆ ئازەربایجانی هاوسنوری ئێران، وتی، "تاران ناڕەحەتە لەو هەواڵانەی باس لە هێنانی گروپە تەكفیرییەكان بۆ ئازەربایجان دەكەن".
چەند جارێك لە چوارچێوەی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە، موشەك لەناو خاكی ئێراندا كەوتوەتە خوارەوە، وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوپاتیكردەوە، ئەو پرسە هێڵی سورە و پەیوەندی بە ئاسایشی هاوڵاتیانی ئێرانەوە هەیە، بۆیە هۆشداری دراوەتە هەردوو وڵات و "نامانەوێت كەوتنی موشەكەكان لەسەر خاكی ئێران بەردەوام بن".
خەتیبزادە هۆشداریشی دا لەوەی، "ئێران وەڵامی هەر دەستدرێژییەك دەداتەوە بكرێتە سەر خاكەكەی، تەنانەت ئەگەر بە هەڵەش بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group