لیرە بۆ نزمترین ئاست لەمێژووی خۆیدا دابەزی

26/10/2020 جیهان

نەوا
لیرەی توركی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا دابەزی، 100 دۆلار گەیشتە سەروو 800 لیرە.
بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی دراو لە توركیا، نرخی لیرە بەرانبەر بە دۆلار بە دابەزین دەستیپێكرد، 100 دۆلار بەرانبەر بوو بە 797 لیرەی توركی، بەڵام زۆری پێنەچوو لیرە زیاتر دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە سەروو 800 لیرەی توركی، كە ئەوە ژمارەیەكی پێوانەییە و نزمترین ئاستە لیرەی توركی لە مێژووی خۆیدا بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی تۆماری بكات.
دابەزینی لیرەی توركی بۆ سەروو 800 لیرە بەرانبەر بە دۆلار، لەكاتێكدایە، كە تەنها دوو مانگ و  نیو لەمەوپێش، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 700 لیرەی توركی، ئابوریناسانیش پێشبینیی هەڵكشانی زیاتری بەهای دراوە بیانییەكان بەرانبەر لیرەی توركی دەكەن، بەشێوەیەك، كە بۆی هەیە تا كۆتایی ئەمساڵ، یان سەرەتای ساڵی داهاتوو، 100 دۆلاری ئەمریكا بگاتە هەزرا لیرەی توركی.
دابەزینی لیرە بەو ئاستە پێوانەییە لەكاتێكدایە، كە توركیا لەبارەی چەند پرسێكی سیاسی و ئابوریی و سەربازییەوە، لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا لەناكۆكیدایە، لە نمونەی كڕین و تاقیكردنەوەی سیستمی بەرگریی ئێس-400ی روسی، كە كاردانەوەی توندی ئەمریكا و ناتۆی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەروەها گەڕان بەدوای وزەدا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و نزیك بە سنورە ئاوییەكانی یۆنان و قوبڕس، ئەمە جگە لە دەرستوەردانەكانی لە ململانێكانی سوریا و لیبیا و ئازەربایجان.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group