نرخی یەك كۆتری زاجل گەیشتە ملیۆنێك و 600 هەزار یورۆ

16/11/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
كۆترێكی زاجل لە كێڵگەیەكی بەلجیكا گەورە دەكرێت و كڕیارێكی چینی-یش لە زیادكردنێكی ئاشكرادا لە رێی ئینتەرنێتەوە، ملیۆنێك و 600 هەزار یورۆی پێدەدات.
زیادكردنە ئاشكراكە لەلایەن ماڵپەڕی "پیگیۆن پارادایس-پیا"وە ئەنجامدراوە و مێیەیەكی كۆتری زاجل، كە لە كێڵگەیەكی بەناوبانگی ناوچەی ئەنتوێرپن-ی باكوری بەلجیكا بەخێوكراوە، بەبڕی ملیۆنێك و 600 هەزار یورۆ فرۆشراوە و ئەوەش زۆرترین نرخە بە كۆترێك درابێت.
پێشتر كۆترێكی ناوچەی فلاندەرزی بەلجیكا، كە نێرەی ئەرماندۆ بوە، بە ملیۆنێك و 250 هەزار یورۆ فرۆشراوە و هەمان كڕیارە لە ساڵی 2019دا ئەو بڕە پارەیەی پێداوە.
ئەو كۆترە زاجلە، كە ناوی "نیو كیم"ی لێنراوە، تەمەنی دوو ساڵانە و سەرەتا نرخی 200 یورۆی لەسەر دانراوە لە زیادكردنە ئاشكراكەدا، بەڵام بەهۆی ناوبانگی و ئەو خەڵاتانەی لە پێشبڕكێكانەدا بەدەستیهێناوە، نرخەكەی بەشێوەیەكی خەیاڵی بەرزبۆتەوە و بۆتە گرانترین لە جیهاندا.
لە بەلجیكا و هۆڵەندا و باكوری فەرەنسا بایەخێكی زۆر بە بەخێوكردنی كۆتر دەدرێت، بە تەنها نزیكەی 20 هەزار كەس لە بەلجیكا سەرقاڵی بەخێوكردنی ئەو باڵندەیەن، بەتایبەتی جۆری زاجل و بەشداری لە پێشبڕكێ ئاست بەرزەكاندا دەكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group