مەسیحییەكانی دهۆك نیگەرانن لە بەردەوامیی زێدەڕۆییكردنە سەر زەوییەكانیان

24/11/2020

نەوا
نوێنەری كلدان و ئاشوریەكان لە پەرلەمانی كوردستان رەخنە لە بڕیارێكی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر دەگرن، بەوەی بڕیارێكی دەركردووە لە خزمەت ئەو كەسانەی زیادەڕۆییان لەسەر زەویی مەسیحییەكان كردووە لە گوندێكی ئاكرێ.
رۆمیۆ هەكاری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی مەسیحی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە گوندی كەشكاوە لە قەزای ئاكرێ، كە مەسیحییەكانی تێدا نیشتەجێن، زیادەڕەوی كراوەتە سەر نزیكەی 2 هەزار و 500 دۆنم زەویی دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچەیە، بەڵام دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر لە خزمەتی زیادەڕۆكان بڕیارێكی دەركردووە، بۆیە داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد بەدواداچوون و دەستوەردان بكات.
نوێنەرەكەی پێكهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پێویستە دادگای هەولێر بە بڕیارەكەدا بچێتەوە لە خزمەت خەڵكی رەسەنی گوندەكە، هەروەها سنورێكیش بۆ زێدەڕۆییەكان دابنرێت، كە بەوتەی رۆمیۆ هەكاری، لە چەند ناوچەیەكی دهۆك و زاخۆ بەهەمانشێوە زیادەڕۆیی كراوەتە سەر زەویوزاری مەسیحییەكان.
داواشی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە زێدەڕۆیی بیانپارێزێت، "چونكە ئەوە گۆڕینی دیموگرافیایە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group