ئەمنستی هەرێم و عیراق بە ئەشكەنجەدانی ئاوارەكان تۆمەتبار دەكات

24/11/2020

نەوا
رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێكیدا هەریەك لە هەرێمی كوردستان و عیراق بە ئەشكەنجەدانی هەزاران ئاوارە تۆمەتبار دەكات، دەڵێت، لەو بارەیەوە "بەڵگەی كۆنكریتی"یان هەیە.
رۆژی سێشەممە رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق ئاوارە و دەربەدەربووان بە پاساوی هەبوونی پەیوەندی بە داعش ئەشكەنجە دەدەن، هەروەها بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دەستگیریان دەكەن و نادادپەروەرانە دادگایی دەكرێن.
ئەمنستی دوپاتیكردوەتەوە، راپۆرتەكەیان بە پشتبەستن بە بەڵگەی كۆنكریتی دەریدەخات، كە ئاوارەكان چۆن مافەكانیان پێشێلكراوە و بە هەزارانیان چەوسێندراونەتەوە.
رێكخراوەكە لە ساڵی 2018وە تاوەكو 2020 چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئاوارە و دەربەدەربوانی عیراق كردووە، دەڵێت، چاوپێكەوتنی لەگەڵ 119 ئاوارە  و 15 كارمەندی رێكخراوە مرۆییەكان كردووە، قسەی لەگەڵ ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە، لێدوانی لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەرگرتووە، چاوپێكەوتنیش لەگەڵ ژمارەیەك لە ئاوارەكانی چەند كەمپێكی دهۆك، هەولێر و موسڵ كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group