وەزیری كۆچ و كۆچبەران: لە یەك مانگدا 25 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان

25/11/2020 عێراق

نەوا
ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی یەك مانگدا پێنج هەزار و 180 خێزان بەشێوەی ئارەزومەندانە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئیڤان فایەق لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا راپۆرتێكی لەبارەی گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی كەمپەكان لە ماوەی هەردوو مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵ پێشكەشكردوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكراوە، ژمارەی ئەو كەمپانەی تائێستا داخراون گەیشتوەتە 15 كەمپ، تەنها لە ماوەی یەك مانگیشدا، پێنج هەزار و 180 خێزان ( كە دەكاتە 25 هەزار ئاوارە) بەشێوەی ئارەزومەندانە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.
هەروەها لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە دوای دەستەبەركردنی سەقامگیری بوە لە ناوچەكەیاندا، بەڵام لەئێستاشدا شەش كەمپ ماونەتەوە، كە نزیكەی حەوت هەزار و 696 خێزان لە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركوك، دیالە و ئەنبار لەخۆیاندەگرن.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەكان، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان بەردەوامە و رۆژانە نزیكەی 75- 100 خێزان لە كەمپەكانەوە دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان، ئەو داتایەش كەمپەكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی داعش بۆسەر بەشێك لە ناوچەكانی عیراق لە هاوینی 2014دا و ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی رێكخراوەكە دەستی بەسەرداگرتبو، نزیكەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار عیراقی ئاوارەبون، بەشێكیشیان وەك پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group