ئیمارات پێدانی ڤیزای بە 13 وڵات راگرت و عیراقی تێدایە

25/11/2020 جیهان

نەوا
حكومەتی ئیمارات راگرتنی پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی 13 وڵات راگەیاند، عیراق یەكێكە لە وڵاتەكان، پێدەچێت بڕیارەكە پەیوەندیی بە پرسی ئاسایشەوە هەبێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرایكرد، حكومەتی ئیمارات لەرێگەی ئاگادارینامەیەكەوە، كە "كۆمەڵگەی كار"ی سەر بەدەوڵەت دەریكردووە، بڕیاری راگرتنی پێدانی ڤیزای نوێی بە هاوڵاتییانی 13 دەوڵەت داوە، عیراق یەكێكە لە وڵاتەكان، بڕیارەكە هەریەكە لە ئێران، سوریا، توركیا، لوبنان و چەند وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی دەگرێتەوە.
بڕیارەكە لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە، كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هیچ وادەیەكیش بۆ دەستپێكردنەوەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە دیارینەكراوە، لە هیچ بارێكیشدا رێگە بە گەشتی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە نادرێت.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئیماراتی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، بڕیارەكە "بەهۆی بوونی مەترسیی ئاسایشییەوە" دراوە، بێ ئەوەی سروشتی مەترسییەكان رونبكاتەوە.
لەماوەی رابردوودا ئیمارات یەكێك بوو لەو وڵاتانەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییكردبوەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group