سوپای ئیسرائیل لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریكا دژی ئێران

26/11/2020 جیهان

نەوا
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێكی ئەمریكی، رێنمایی بە سوپای ئیسرائیل دراوە ئامادەكاری بكەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریكا دژی ئێران، بەڵام داواكارییەكە لەسەر بنەمای زانیاری و هەڵسەنگاندن نییە، تەنها پێشبینییە.
ماڵپەڕی ئاكسیۆس-ی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی وڵاتەكە لە چەند هەفتەی رابردوودا داوای لە سوپا كردووە ئامادەكاری بكەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی و بۆردومانی ئەمریكا بۆسەر ئێران.
بەڵام بەرپرسە ئیسرائیلییەكان دوپاتیانكردووەتەوە، داواكاریی ئامادەباشییە سەربازییەكە لە بوونی زانیاری و هەڵسەنگاندنەوە سەرچاوەی نەگرتووە بەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا پێش كۆتاییهاتنی ئیدارەكەی گورزی سەربازی لە ئێران دەوەشێنێت، تەنها پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە بەرپرسانی ئیسرائیل پێشبینیی "قۆناغێكی هەستیار" دەكەن پێش دەستبەكاربوونی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە رۆژی 20ی كانونی دووەمی داهاتوو.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانەی قسەیان بۆ ماڵپەڕە ئەمریكییەكە كردووە، هۆكارێكی دیكەی ئامادەكارییەكانی سوپای ئیسرائیلیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی راستەوخۆی ئێران، یان هێزە هاوپەیمانەكانی، لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانیدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group