پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەكی لە دژی توركیا پەسەند كرد

27/11/2020 جیهان

نەوا
پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەكی لە دژی توركیا پەسەند كرد و تیایدا داوای كردووە، یەكێتی ئەوروپا سزا بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت.
بڕیارنامەكە بە دەنگی 631 پەرلەمانتاری ئەوروپا لەبەرامبەر 59 دەنگی دژ پەسەندكرا و بەكاردانەوەیەك بەرامبەر بە سەردانی ئەم دواییەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ بەشی باكوری قوبرس دادەنرێت.
پەسەند كردنی ئەو بڕیارەنامەیە بە پاڵپشتیەكی بەهێز لێكدراوەتەوە بۆ هەوڵەكانی فەرەنسا، كە بە نیازە مانگی داهاتوو لەنێو ولاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا كۆدەنگیەك لە بارەی سەپاندنی سزا بەسەر توركیا ساز بكات.
فەرەنسا رایگەیاندووە، بە هۆی كردەوەكانی توركیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەوڵەكانی بۆ دەرهێنانی غاز لە سنوری دەریایی قوبرس و یۆنان پێویستە ئەوروپا سزای توند بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group