" تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو ھەموو كەمپەكان دادەخرێن"

27/11/2020

نەوا
جێگری پارێزگاری مووسڵ دەڵێت، بەشێك لە دانیشتووانی نێو كەمپەكان كەسوكاری داعشن و مەترسین بۆسەر ئاسایشی مووسڵ.
ڕەفعەت سمو جێگری پارێزگاری مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە: "مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بڕیاری دەركردووە تا 15ی مانگی داهاتوو هەموو كەمپەكانی ئاوارەكانی شەڕی داعش دابخرێن، ئێمە لە سنووری مووسڵ ژمارەیەك كەمپمان هەیە وەك كەمپی حەمامعەلیل و گەیارە و شورا و چەند كەمپێكیش لە ھەرێمی كوردستانن دادەخرێن و پڕۆسەی داخستنی كەمپەكان دەستی پێ كردووە".
جێگری پارێزگای مووسڵ وتی: "كێشەی سەرەكیی ئێمە لە داخستنی كەمپەكان بوونی خێزانەكانی داعشە لەنێو ئەو كەمپانەدا، چونكە ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، دواتر پێویستە ئەوانە لەژێر چاودێریی دەزگای ئەمنی و ھەواڵگەریی عێراق بن، چونكە مەترسین بۆ سەر ئەمنی عێراق".
ڕەفعەت سمو ڕوونی كردەوە: "خەڵكی نێو كەمپەكان خەریكی چۆڵكردنن، بەڵام زۆربەیان دێنە نێو سەنتەری شاری مووسڵ، لەبەر ئەوەی ھەموو ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە سەقامگیر نین بۆ ژیان و گەڕانەوەی خەڵكەكەی، ئاوارەكان بە ناچاری دێنە نێو سەنتەری شار و ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group